محەممەد ئیحسان: کوردستان لە هەمووکاتێک زیاتر پێویستی بە یەکڕیزیی ناوماڵی کوردە

K24 – هەولێر

مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت: کوردستان لە هەمووکاتێک زیاتر پێویستی بە یەکڕیزیی ناوماڵی کوردە، هەروەها دۆستە ڕاستەقینەکانی کورد ئەوانەی لە ئەمەریکا یان لە ئەوروپا یان لە ناو عەرەبی شیعەش بێت، دووپات لەسەر ڕێکخستنی ناو ماڵی کورد دەکەنەوە.

د. محەممەد ئیحسان، مامۆستای زانکۆ لە لەندەن لە دیداری سلێمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کوردستان لە هەمووکاتێک زیاتر پێویستی بە یەکڕیزیی ناوماڵی کوردە، هەروەها دۆستە ڕاستەقینەکانی کورد ئەوانەی لە ئەمەریکا یان لە ئەوروپا هەتا لە ناو عەرەبی شیعەش، دووپات لەسەر ڕێکخستنی ناو ماڵی کورد دەکەنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، سەرکردە سیاسییەکانی کورد یادگەیان نییە، چونکە هەر خۆی قسە دەکات و هەرخۆشی شرۆڤەی دەکات و دەنوسێت و بڕیار دەدات، هەروەها ئامادە نییە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنێکی دیکە بکات.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ باسی لەوەش کرد، ئەمەریکییەکان زۆر بەڕوونی بە ئێمە ئەڵێن یەک ڕیز بن کێشەکانی خۆتان چارە بکەن، هەرچەندە ئەوانەی دۆستی ڕاستەقینە و کۆنی ئێمەن، بە ئێمە دەڵێن لە ئێوە بێزاربووین بڕۆن کێشەکانی خۆتان چارەسەرکەن.

دەشڵێت: من نابینم ئایندەی باشمان هەبێت، چەنکە دوژمنەکانی کورد ڕۆژ بەڕۆژ چەقۆکەی تیژتر دەکات، و پلانەکانیان بەهێزتر دەکەن، بۆ نموونە ئەگەر تۆ چوار کاتژمێر کار بکەی و کوردستان ئاوەدان بکەی، خەڵکێکی تر هەیە 24 کاتژمێر کاردەکات تاوەکوو لەتۆی تێک بدات.

محەممەد ئیحسان ڕاشیگەیاند، من کە لەبەغدا لەگەڵ مام جەلال کارم دەکرد، کە پێمان دەگوت کێشەکە ئەوهایە، پیاوێک نەبوو لە یەکێتی لە دژی بەرژەوەندییەکانی کوردستان بجولێت و بەرژەوەندییەکانی خۆی بسەپێنێت. بەڵام ئێستا وانییە. هەروەها پێشتر هەولێر جێگەی بڕیارە سیاسییەکان بوو، بەڵام ئەمڕۆ کەوتووینە خانە بەرگری کردن.

گوتیشی: ئەگەر سەیری قسەکانی بایدن بکەین، من یەکەم جار بۆچوونێکی خراپم لە دەستپێکەکەی هەبوو، بەڵام سەبارەت بە کوردستان پەیامێکی زۆر جوانی گەیاند، بۆیە ئێمە دەبێت سوودی لێ وەرگرین بینای لەسەر بکەین و گفتوگۆکانمان جیددیدتر بکەین.