فڕۆکەخانەکانی دوبەی گەشتەکانیان دەست پێ دەکەنەوە

K24 – هەولێر

فڕۆکەخانەکانی دوبەی کردنەوەی ڕێکارەکانی گەشتکردن بۆ ئەو سەرنشینانە ڕاگەیاند، کە لە تێرمیناڵی 3 لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دوبەی بەڕێدەکەون بۆ ئەو گەشتانەی کە لەلایەن ئیمارات و فلای دوبەیەوە بەڕێوە دەبرێن.

دامەزراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە ئێستادا هۆڵی ڕۆشتن لە تێرمیناڵی 3 گەشتیارێکی زۆری لێیە بۆیە داوا لە گەشتیاران دەکرێت کە نەچنە تێرمیناڵی 3 مەگەر حجزکردنی گەشتیان هەبێت".

 فڕۆکەخانەکانی دوبەی داوای لە گەشتیاران کردووە پەیوەندی بەو هێڵە ئاسمانییانە بکەن کە لە ڕیگەیانەوە گەشت دەکەن بۆ زانیاری لەسەر پێشهاتەکانی پەیوەست بە گەشتەکەیان.

لە لایەکی دیکەوە ئیبراهیم جەروان، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی فەلەکناسی ئیمارات و ئەندامی یەکێتی عەرەبی بۆ زانستی فەلەکناسی و بۆشایی ئاسمان ڕوونیکردەوە، ئەو بڕە بارانانەی کە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا بەسەر ئیمارات دا باریوە، ڕێژەکەی هێندە زۆرە کە زۆرجار لەو وڵاتانەی وەک بەریتانیا ئەو ڕێژەیە تۆمار ناکرێت.

 ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕە بارانانەی کە دوێنێ باریوە ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکردووە، لەو بڕە بارانانەی کە لە ماوەی یەک ڕۆژدا باریوە، کە بڕی باران بارینەکە 200 ملمی تێپەڕاندووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بڕی ئەو بارانبارینەی لە ماوەی 24 کاتژمێردا باریوە، دووهێندەی ئەو بڕە بووە کە لە ماوەی ساڵێکی تەواودا باریوە، ڕێژەی باران بارین لە نێوان 80 ملم بۆ 130 ملم بووە.

ئیبراهیم جەروان گوتیشی: دۆخەکە لە مێژووی ئیمارات بە دەگمەن دادەنرێت، بەو پێیەی زیاتر لە 75 ساڵە ئەو بڕە زۆرە باران بارینە تۆمار نەکراوە، دەشڵێت: زیاتر لە 50 وێستگە بڕی باران بارینیان لە 100 ملم زیاتر بووە لە ماوەی 24 کاتژمێردا.

 ڕاشیگەیاند، ئەو بڕە زۆرە باران بارینەی کە باریوە، سیستەمی ئاوەڕۆ ناتوانێت دەستبەجێ چارەی ئەو لافاوە بکات، چونکە ژێرخانی وڵاتانی جیهان لەسەر بنەمای داتای زانستی ورد داڕێژراوە، کە ڕێژەی باران بارینی ساڵانە لەبەرچاو دەگیرێت و شیکاری بۆ دەکرێت.