کاردۆ محییەددین: بەڕێکخستنەوەی ناوماڵی کورد ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی دەرەوە دەبینەوە

K24 - هەولێر

ڕێکخەری ژووری بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند، پرۆسەی هەڵبژاردن بەوشێوەیە سەرکەوتوو دەبێت کە داواکاری هاووڵاتییانی تێدا جێبەجێ بکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 18ـی نیسانی 2024، کاردۆ محییەددین، ڕێکخەری ژووری بزووتنەوەی گۆڕان، لە 19یەمین پێشانگەی نێودەولەتی هەولێر، لە ستۆدیۆی کراوەی کوردستان24 ڕایگەیاند، ئەم دۆخەی ئێستەی هەرێمی کوردستان دۆخێکی ئاڵۆزە، هەرچەندە ئەم دۆخە بە تەنیا لە کوردستان نییە، تەواوی ناوچەکە دۆخی ئاڵۆز بووە، دەبێت هەوڵ بدەین چۆن چارەسەری ئەو کێشانە بکەین کە ئێستە ڕووبەڕووی بوویتەوە.

بە گوتەی ڕێکخەری ژووری بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "باشترین ڕێگە، ڕێگە دیموکراسییەکەیە لەگەڵ هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی خەڵک نوێنەرەکانی خۆیان هەڵبژێرن، بەتایبەت کە ئێستە ئێمە ڕووبەڕووی قەیرانی گەورە بووینەتەوە، جگە لە بۆشای یاسایی کە پەرلەمانی کوردستان ئامادەیی نییە، هەموو ئەمانە ئاستەنگن، ڕاستە هەڵبژاردن لە ڕووی یاساییەوە و دامەزراوەییەکانەوە بڕیاری لێدراوە کە هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام لە ڕووە سیاسییەکەی گرفتی لەبەردەمدایە بۆ ئەنجامدانی."

کاردۆ محییەددین دەشڵێت: "هەڵبژاردن بەشێوەیەک دەکرێت کە بتوانرێت پڕۆسەیەکی سەرکەوتوو بێت، ئەو پڕۆژانە یاخود ئەو داواکارییانە جێبەجێبکرێت، کە هاووڵاتییانی ئێمە پێویستی پێیەتی."

ڕێکخەری ژووری بزووتنەوەی گۆڕان گوتیشی: "ئاسان نییە لە وڵاتانی وەکو عێراق سەقامگیری هەبێت، لەڕووی پێکهاتە و عەقڵییەتی بەڕێوەبردن و دەستێوەردانیشەوە، لە وڵاتێکی دەوڵەتداری و دامەزراوە پێکهێنانی دوای چەندین ساڵ و ئێستەش لە قەیرانی گەورە و دەستوەردانداین."

ڕاشیگەیاند، "ئێمە چۆن بتوانین ڕووبەڕووی هەڕەشەکانی دەرەوەی خۆمان ببینەوە، دەبێت سەرەتا ناو ماڵی خۆمان ڕێکبخەینەوە، ئەویش بەو ڕەخنانەی کە لەدەرەوە لێمان دەکرێت کە دەبێت عێراق وڵاتێکی دەستووری بێت، وڵاتێک بێت دادگا و دەستوور لەسەرووی هەموو لایەک بێت."