ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەولێر دەکرێت

کۆبوونەوەی تایبەت بە چۆنییەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەولێر
کۆبوونەوەی تایبەت بە چۆنییەتی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەولێر

K24 - هەولێر

بە سەرپەرشتیی پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە وەرگرتن و بە بازاڕکردنى گەنمى جوتیاران بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2024.4.18، بەسەرپەرشتىی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و بە ئامادەبوونى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار، کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە داڕشتنى میکانیزم و ڕێوشوێنى پێویست بۆ وەرگرتن و بە بازاڕکردنى گەنمى جووتیاران لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ ئەمساڵ بەڕێوەچوو.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر؛ لە کۆبوونەوەکەدا، کە هەریەک لە بەرێوەبەرانى گشتیى بازرگانى و کشتوکاڵ و بەرێوەبەرى سایلۆى هەولێر و چەند لایەنێکى دیکەى پەیوەندیدار ئامادەی بوون؛ پارێزگارى هەولێر تیشکى خستە سەر ئەو ئامادەکارى و ڕێوشوێنانەى کە پێویستن بۆ  وەرگرتن و بە بازاڕکردنى گەنمى جوتیارانى سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ ئەمساڵ بگیرێتەبەر.

 لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر دەستخۆشى لە سەرۆک و ئەندامانى لیژنەى باڵاى سەرپەرشتیارى ساڵى ڕابردووى پرۆسەکە کرد و جەختى لەوە کردەوە کە ئەندامانى لیژنەى نوێ دەبێت پڕۆسەکە بۆ ئەمساڵ لە سایلۆى هەولێر و سایلۆى قوشتەپە زۆر بەباشتر و چاکتر لە ساڵانى ڕابردوو و بەبێ کەم و کوڕى و کێشە و گرفت بەڕێوەببەن، هەروەها دووپاتى لە یەکسانى و دادپەروەرى لە وەرگرتنى دانەوێڵەى جووتیاران کردەوە.

لە تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر، لە پێناو پیشکەشکردنى ئاسانکارى و هاریکارى و یارمەتیدانى جووتیارانى سنوورى قەزایی کۆیە، ڕەزامەندبوونى پارێزگاى هەولێر نیشاندا بۆ کردنەوەى بنکەى وەرگرتنى گەنمى جوتیاران لە کۆیە و بۆ ئەومەبەستەش لەلایەن وەزارەتى بازرگانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان رێکار و رێوشوێنی پێویست دەگیرێتەبەر.

لە کۆتایشدا، دواى ئەوەى هێمن قادر، جێگرى پارێزگارى هەولێر دووبارە بەسەرۆکى لیژنەى باڵاى وەرگرتن و بە بازاڕکردنى گەنمى جوتیاران لە سنوورى پارێزگاى هەولێر دەستنیشانکرایەوە، لەلایەن ئامادەبووانەوە چەندین پرس و بابەتى دیکەى پەیوەست بە بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە بە سەرکەوتووى خرایە ڕوو و گفتوگۆى لەبارەوە کرا.