ئەی بی سی نیوز: ئیسرائیل دووجار لە پلانی هێرشکردنە سەر ئێران پاشگەز بووەتەوە

K24 - هەولێر

کەناڵی "ئەی بی سی نیوز"ـی ئەمەریکی ئاشکرای کرد، بەرپرسانی ئیسرائیل لە ماوەی یەک هەفتەدا دووجار لە پلانی ‌هێرشکردنە سەر ئێران پاشگەز بووەتەوە.

چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی کە لێدوانیان بۆ کەناڵە ئەمەریکییەکە داوە و نەیانویستوە ناویان ئاشکرا بکرێت، ڕایانگەیاندووە، ئیدارەی تەلئەڤیڤ چەند شوێنێکیان لە ئێران دەستنیشان کردووە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە مووشەکی و درۆنییانەی کە هەفتەی ڕابردوو کرایە سەر ئەو وڵاتە و لە ماوەی یەک هەفتەدا دوو جار لە پلانی تۆڵەسەندنەوە پاشگەز بووەتەوە.

بەرپرسێکی ئیسرائیلی دەڵێت: ئیدارەی وڵاتەکەی چەندین بژاردەی لەبەردەستە هەر لە هێرشکردنە سەر گرووپە چاکدارەکانی ئێران تا دەگاتە هێرشی ئەلیکترۆنی "سایبەر"، هەروەها بانگەشەی ئەوەشی کردووە کە سوپای پاسداران و ئیدارەی تاران ترسی هێرشی تۆڵەسەندنەوەی تەلئەڤیڤیان لێ نیشتووە.

شەوی شەممە، 14-04-2024، لە کاتژمێر 11:00، شەودا سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و درۆنی بۆمبڕێژکراو، هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسداران بوو کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە دیمەشق کرانە ئامانج.

دانیاڵ هەگاری، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل، توانیویەتی سەدا 99ـی درۆن و مووشەکەکانی ئێران بخاتە خوارەوە، پێش ئەوەی بگەنە ناو ئەلئەڤیڤ و شارەکانی دیکە. گوتیشی، لە ئەنجامی هێرشەکەی ئێران؛ کچێکی تەمەن 10 ساڵان بە سووکی لە باشووری ئیسرائیل بریندار بووە.