پسپۆڕێکی دارایی: کۆمپانیاکانی ئەمەریکا دەیانەوێت لەبواری نەوت و گازی عێراقدا کار بکەن

K24 - هەولێر

پسپۆڕێکی دارایی ڕایگەیاند، ئەوەی لەسەردانەکەی شاندی عێراق بۆ ئەمەریکا زۆر سەنجی خراوەتە سەر، بابەتی نەوتە، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە عێراق پشت بەسەرچاوەی نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی خەرجی و بودجەی وڵات.

د. ئەرشەد سدیق، پسپۆڕی دارایی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ئێستادا بارودۆخی دارایی عێراق لە چاو ساڵانی پێشوو پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، هەروەها ئەوشاندەی حکووومەتی عێراق بەسەرکردایەتی سوودانی، ڕێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیا جۆراوجۆرەکانی ئەمەریکا ئیمزا کرد بۆ ئەوەی بتوانن باری دارایی و ئابووری عێراق ببوژێننەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوەی لەسەردانەکەی شاندی عێراق بۆ ئەمەریکا زۆر سەنجی خراوەتە سەر، بابەتی نەوتە، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە عێراق پشت بەسەرچاوەی نەوت دەبەستێت بۆ دابینکردنی خەرجی و بودجەی وڵات.

ئەرشەد گوتیشی: سەرنجی کۆمپانیاکانیش لەبەرئەوەیە کە بێنە عێراق لە بواری کەرتی نەوت و گاز کاربکەن، هەروەها ئەو پڕۆژانەی ڕێککەوتنی لەسەر کراوە، ئەگەر بەشێوەیەکی باش بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەوە شتێکی زۆر باشە بۆ عێراق، نابێت ئەوەشمان لەبیر بچێت عێراق لەژێر هەژموونی وڵاتانی دراوسێیە کە لەڕووی سیاسیی و داراییەوە وەکو داشێك یاری بە عێراق دەکەن.

 ئەو پسپۆڕەی دارایی دەشڵێت: عێراق خەریکە لە ئاستی نێودەوڵەتی تووشی کۆمەڵێک کێشە دەبێت، کە ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەیە بەسەر حکوومەتەوە، هەروەها بە بودجەیەکی گەورە کەمترین خزمەتگوزاریان بۆ گەلی عێراق کردووە.