تۆماس سیله‌ر: پێویسته‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ به‌شداری هه‌مووان و به‌ شێوه‌یه‌كی ڕوون بکرێت

تۆماس سیله‌ر
تۆماس سیله‌ر

K24 - هەولێر:

باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان گرنگه‌؛ ده‌شڵێت، له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا سه‌باره‌ت به‌ پرسی نه‌وت و هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان پێشڤه‌چوون هه‌یه‌.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 18ـی نیسانی 2024) تۆماس سیله‌ر، باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ عێراق تایبه‌ت به‌ كوردستان24 ڕایگه‌یاند، نایانه‌وێت به‌ وردی بچنه‌ ناو پرسی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ده‌یانه‌وێت ئه‌ركی ڕاوێژكار ببینن بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كان چاره‌ بكه‌ن.

تۆماس سیله‌ر ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان گرنگه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش دیدار و كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌.

باڵیۆزی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ عێراق به‌ پێویستیشی زانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ به‌شداری هه‌مووان و به‌ شێوه‌یه‌كی ڕوون بکرێت.

ناوبراو باسی له‌وه‌یش كرد، له‌گه‌ڵ هه‌ر دوو حكوومه‌تی فیدراڵ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ژیانێكی ئاسووده‌ و شایسته‌ بۆ هاووڵاتییان دابین بكه‌ن.

تۆماس سیله‌ر گوتیشی، له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا سه‌باره‌ت به‌ پرسی نه‌وت و هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان پێشڤه‌چوون هه‌یه‌ و هه‌مووان چاویان له‌سه‌ر چاره‌كردنی ئه‌و پرسه‌یه‌.

ڕۆژی چوارشەممە 17ی نیسانی 2024 لە شاری هەولێر سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە بەڕێز تۆماس سیلەر باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و هەروەها هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا هەر لەدوای ڕاپەڕینەوە پارتی دەستپێشخەری دیموكراسی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و گواستنەوەی شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بۆ شەرعیەتی یاسایی و دەستووری بووە و هەردەم ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە هەرێمی كوردستان. ئەو تێبینیانەی پارتی لەسەر هەڵبژاردن هەیەتی، بەهۆی بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە هەڵبژاردن و زۆربوونی گیروگرفتی تەكنیكی و دەستكاریی نادەستووریی یاسای هەڵبژاردن و هەوڵدان بۆ دیزاینی پێشوەختەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردن بووە. پارتیش لەپێناو پاراستنی بەها دیموكراتییەكان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەو هەڵوێستەی وەرگرتووە.

سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە پارتی هەمیشە لەگەڵ هەڵبژاردن بووە و ئێستاش پارتی داوا دەكات بە زووترین كات ئەو سەرنج و بابەتە تەكنیكیانەی كە ڕێگرن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی دروست، چارە بكرێن و هەروەها سیغەیەكی گونجاویش بۆ بەشداریی پێكهاتەكان و پێشێلنەکردنی مافەكانیان بدۆزرێتەوە و داواش لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەین كە گەرەنتیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی شەفاف و بێگەرد بكەن بۆ ئەوەی دەرئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەرخەری دەنگی خەڵك و ئیرادەی ڕاستەقینەی گەلی كوردستان بێت.