وائیل روکابی: ئه‌گه‌ر بانكه‌ عێراقییه‌كان ئه‌دای خۆیان باش بكه‌ن ئه‌مه‌ریكا سزاكانیان له‌سه‌ر هه‌ڵده‌گرێت

K24 – هەولێر:

وائیل روکابی ئەندامی شاندی حکومەتی عێراق لە ئەمه‌ریکا بەکوردستان24ی راگەیاند، ئەگەر بانکە عێراقییەکان ئەدای خۆیان باشبکەن و بەئاڕاستەی سیستەمی بانکی جیهانی کاربکەن، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزاکانیان لەسەر هەڵدەگرێت.

روکابی راشیگەیاند، سزادانی بەشێک لە بانکە عێراقییەکان لەلایەن ئەمه‌ریکاوە، کاریگەری لەسەر ناسەقامگیریی بەهای دۆلار هەبووە، بەڵام بەو هەنگاوانەی حکوومەت دەستیپێکردووە بەهای دینار بەرزدەبێتەوە، هەڵبەت پرۆسەکە پێویستی بەکاتە.

وائیل رکابی هه‌روه‌ها ده‌شڵێت، کارکردنی باشی بانکەکان هۆکاری بەرەوپێشچوونی دەوڵەتە، بە پێچەوانەوە دەبنە هۆکاری خراپەکاری و زیانگەیاندن بە دەوڵەت.

رۆژی ‌(29ـی كانوونی دووه‌می 2024) وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا رایگەیاند، بانکی هودای عێراقی تێوەگلاوە لە پارەدارکردنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و سوپای پاسداران و پەیوەندییەکانی ئەو بانکە لە سیستمی دارایی وڵاتەکەی دەپچڕێنێت.

هەروەها رۆژی (22ـی کانوونی دووەمی 2024) فەرمانگەی چاودێریكردنی سەروەت و سامانی ده‌ره‌كی (OFAC)، بە تۆمەتی هاوکاریکردنی سوپای پاسدارانی و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، سووریا و لوبنان، سزای بەسەر بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای فلای بەغداد سەپاند و هەژمارە بانکییەکانی ئەو کۆمپانیایەی راگرت.