ئامادەکاری بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە لە عێراق دەکرێت

K24 - هەولێر:

لەماوەی ساڵێکدا 16 ترلیۆن دینار کورتهێنان لە بودجەی عیراق زیادیکردووە و لە پرۆژەیاسای بودجەی ئەمساڵدا ڕێژەی کورتهێنان بە زیاتر لە 80 ترلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت، ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش دەڵێت: هەمواری یاسای بودجەی ساڵی 2024 لە ئەنجوومەنی وەزیران تەواو بووە و چاوەڕێی گەڕانەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراقن لە واشنتن.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەمواری یاسای بودجەی ساڵی 2024 ئامادەکردووە و چاوەڕێی گەڕانەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراقن لە واشنتن تاوەکو پێداچوونەوەی کۆتایی پێدابکرێت و پاشان رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت.  

خەلیل غازی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاند، یەکێ لە کێشەکان لە یاسای بودجەدا ئەوەیە رێژەی کورتهێنان بە زیاتر لە 80 ترلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت، هەروەها هەمواری یاسای بودجەی ساڵی 2024 لە ئەنجوومەنی وەزیران تەواو بووە و چاوەڕێی گەڕانەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراقین لە واشنتن، بۆ ئەوەی بنێردرێتە پەرلەمان.

بەپێی زانیارییەکان، بودجەی ساڵی 2024 عێراق 228 ترلیۆن دینارە، بەڵام ڕێژەی کورتهێنان بەراورد بە ساڵی رابردوو گەشتووەتە ئاستێکی بەرز و بەزیاتر لە 80 ترلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت، زیاتر لە 100 ترلیۆن دیناری بودجەش بۆ مووچەی فەرمانبەران دانراوە، پەرلەمان چاوەڕێی ناردنی خشتەی بودجەیە پێش دەستپێکردنی پشووی یاسا دانان.

پشکی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەتایبەتی ئەو پارێزگایانەی ڕێژەی هەژاری لە ئاستێکی بەرزدا و کێشەی خزمەتگوزاریان هەیە، ناکۆکی لەنێوان فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان دروستکردووە و رازی نین لەو بودجەی کە بۆ پارێزگاکانیان تەرخانکراوە.