ناز جەلال: حکوومەت پشتیوانی دارایی پێشکەش بەو هاووڵاتییانە دەکات کە ئارەزوومەندانە دەگەڕێنەوە کوردستان 

ناز جەلال، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان
ناز جەلال، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر:

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: زیاتر لە 37 جۆری خزمەتگوزاریی لە سیستەکەماندا هەیە و پێشکەشی هاووڵاتییان دەکرێت، هەروەها تا ئێستا 189 هاووڵاتیی گەڕاونەتەوە و لە خزمەتگوزارییەکان سوودمەند بوونە.

ناز جەلال، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی ماددی و مەعنەوی پێشکەش بەو هاووڵاتییانە دەکات کە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە بۆ کوردستان.

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، ئەو هاووڵاتییانەی کە لە دەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە بۆ پارێزگایەکەی خۆیان، دەبێت سەردانی نووسینگەکانمان بکەن لەلایەن فەرمانبەرانمانەوە پێشوازیان لێ دەکرێت و پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکرێت.

ناز جەلال، دەڵێت: زیاتر لە 37 جۆری خزمەتگوزاریی لە سیستەکەماندا هەیە، بە گوێرەی خواستی هاووڵاتییەکە خزمەتگوزارییەکانی پێشکەش دەکرێت، هەروەها هەم پاڵپشتی دارایی دەکرێن هەم کاریان بۆ دەدۆزرێتەوە.

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: زۆرینەی وڵاتانی جیهان پاڵپشتی خۆیان بۆ سیستەمەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە. ناز جەلال، گوتیشی: تا ئێستا 189 هاووڵاتیی گەڕاونەتەوە و لە خزمەتگوزارییەکان سوودمەند بوونە.