هاووڵاتییانی ئێزدی: هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان پشتگوێ خراوە

K24 - هەولێر

نزیکەی 10 ساڵ بە سەر کۆمەڵکوژی هاووڵاتییانی ئیزدی تێدەپەڕێت و تا وەکوو ئێستا چەندین گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە کە لەلایەن چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش کۆمەڵکوژراون.

بەشێک لەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی دۆزراونەتەوە، هێشتا هەڵنەدراونەتەوە ئەمەش بووەتە جێگەی گلەیی و نیگەرانی هاووڵاتییانی ئێزدی و داوا لە لەلایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن پەلە بکەن لە هەڵدانەوەی گۆڕەکان و بۆ ئەوەی بە ڕووفاتی کەسوکارەکانیان شاد ببنەوە و چارەنووسی بەشێک لە ڕفیدراوان و ون بووەکانیش یەکلا بکرێتەوە.

هاووڵاتییانی ئێزدی ڕەخنە لە حکوومەتی عێراق و لایەنە پەیوەندییدارەکان دەگرن کە خەمساردن لە هەڵدانەوەی گۆڕەکان و بە گوێرەی پێویست بە دەم کەیسی قوربانیانی ئێزدییەوە نایەن.

لەمبارەوە خەیری ئیبراهیم، بەرپرسی ڕێکخراوی پێتری کۆڕ بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ بۆ کوردستان24 گوتی: هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان زۆر بە خاوی بەڕێوەدەچێت، هەر گۆڕێکی بە کۆمەڵیش کە هەڵدەدرێتەوە بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت و ماوەی نێوان قۆناغەکانی زۆری پێدەچێت، هۆکارەکەشی ئەوەی پشتیوانی تیمی نیشتمانی بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان لە ئاستی پێویستی نییە و ژمارەی ئەندامانی تیمەکەش هێندە نییە بۆ ئەوەی کارەکان خێراتر بکرێن.

چەکدارانی داعش لە ساڵی 2014 دوای کۆنترۆڵکردنی مووسڵی ناوەندی پارێزگای نەینەوا، هێرشی کردە سەر شنگال و کۆمەڵگەکانی ئێزدی نشین، بە گوێرەی ئامارەکان لەو کۆمەڵکوژییەی داعش بۆ پاکتاوکردنی هاووڵاتییانی ئێزدی کردوویەتی قوربانییەکانی لە زیاتر لە 90 گۆڕی بە کۆمەڵ ژێر خاک کردووە، بەهۆی هەڵنەدانەوەی بەشێکی زۆر لە گۆڕەکان هێشتا چارەنووسی ژمارەیەک زۆر لە گەورە و بچووکی کۆمەڵگەی ئێران نەزانراوە لە نێوان کوژران و ڕفێندراواندا ون بووە.

خاتوو لەیلا سمۆقی، چالاکوانی کۆمەڵگەی ئێزدی بۆ کوردستان24 دەڵێ: ئێمە دەمانەوێت پەلە بکرێت لە هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، چونکە ڕۆژانە برینەکان گەورەتر و قوڵتر دەبن، چونکە ئەوەی تا وەکوو ئێستا بەدی دەکەین هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆمەڵگەی ئێزدیان پشتگوێ خستووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 تا وەکوو ئێستا 94 گۆڕی بە کۆمەڵی هاووڵاتییانی ئێزدی دۆزراونەتەوە کە بە دەستی چەکدارانی داعش کۆمەڵکوژ کراون، تەنیا 55 گۆڕیان هەڵدراونەتەوە و نزیکەی 700 ڕووفات ڕەوانەی پزیشکی دادی بەغدا کراون، بەڵام ڕووفاتی 200 قوربانی ناسراوەتەوە و ڕادەستی کەسوکارەکانیان کراوەتەوە.

رێکخراوی داعش لە ئابی 2014 بە هێرشکردنە سەر شنگال و دەوروبەری زیاتر نزیکەی شەش هەزارو 500 هاووڵاتیی ئێزدی بە دیلگرت و کۆمەڵکوژی کردن و بە دەیان مەزارگە و شوێنی ئاینیشی تەقاندەوە، تا وەکوو 13ی تشرینی دووەمی 2015 لە ئۆپراسیۆنێکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە فەرماندەیی سەرۆك بارزانی شنگال لە دەست تیرۆریستانی داعش رزگار كرا.

لە دوای سێ ساڵ تێپەڕبوون بە سەر تاوانەکانی داعش، تیمی سەر بە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ لە تاوانەکانی داعش "یونیتاد" بە بڕیاری 2379ـی ئەنجوومەنی ئاسایشیی نێودەوڵەتی لە ساڵی 2017 لە عێراق دەستبەکاربوون. تیمەکە نزیکەی 230 کارمەند و سێ نووسینگەی لە عێراق هەیە، یەکێکیان لە بەغدایە، دووانیشیان لە هەرێمی کوردستانن، بەڵام مانگی ڕابردووی ئەمساڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر داوای فەرمیی حکوومەتی عێراق، بڕیاری 2697 بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی یونیتادی دەکرد. ئەو تیمە تاوەکو 17-09-2024 لە ئەرکەکەی لە عێراق بەردەوام دەبێت.