ئەمەریکا ڕەتی دەکاتەوە هێرشی کردبێتە سەر حەشدی شەعبی
K24 – هەولێر
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە ڕوونکردنەوەیەکی کورت بێ ئاگایی خۆیی لە هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی سەر حەشدی شەعبی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە، ئەو هەواڵ و ڕاپۆرتانەی لە بارەی هێرشی ئاسمانی ئەمەریکا لە عێراق بڵاوکراوەتەوە، ڕاست نین.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردووەتەوە، دوای کاتژمێر دووی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 20ی نیسانی 2024، هێرشێکی ئاسمانیی کراوەتە سەر بنکەیەکی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە باکووری پارێزگای بابل.
We are aware of reports claiming that the United States conducted airstrikes in Iraq today. Those reports are not true. The United States has not conducted air strikes in Iraq today.
— U.S. Central Command (@CENTCOM) April 20, 2024
هەروەها بە گوێرەی ئاژانسی ڕۆیتهرز، به پشتبهستن به چەند سهرچاوهیهكی ئهمنیی عێراق، هێرشەکە کراوەتە سەر بارهگای ئهركانی حهشدی شهعبی و بنکەی سەربازی کالسو له بابل و ژمارەیەک كوژراو و بریندار هەن.
هەر لە بارەی هێرشەکەدا، ڕۆژنامەی جیرۆزالیم پۆستی ئیسرائیلی بڵاوی کردووەتەوە، لە باشووری بەغدا لە ڕێگەی چەند درۆنێکەوە هێرش کراوەتە سەر گرووپە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن.
ڕۆژنامە ئیسرائیلییەکە ئاماژەی داوە، بە گوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوەکانی ناوخۆی حەشدی شەعبی کە قسەیان بۆ مێدیایەکی عەرەبیی کردووە، بە دووجار هێرش کراوەتە سەر بارگاکەی حەشدی شەعبی و جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
ئەبو ئالا وەلائی ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە حەشدی شەعبی بەبێ ئەوەی ناوی هیچ وڵات و لایەنێک بێنێت، هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کردووە و ڕایگەیاندووە، لە بەرانبەر ئەو هێرشەی کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکەی باکووری بابل بێدەنگ نابن و تۆڵە دەکەنە و وەڵامدانەوەیەکی توندیان دەبێت.
بنكهی سهربازی كالسو به دووری 20 كیلۆمهتر دهكهوێته باشووری بهغدا، له ساڵی 2011 له دوای كشانهوهی سوپای ئهمهریكا داخرا، بەڵام دواتر کرایە بارەگای لیواکانی 17 و 28ی دەستەی حەشدی شەعبی و بەشێکیشی کراوەتە ناوەندی فێرگە سەربازییەکانی دەستەکە و چەند کۆکا و جبەخانەیەکی سەربازیی تێدایە.