زێلێنسکی.. چیتر ناتوانین چاوەڕوانی هاوکاریی ڕۆژاوا بکەین

ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا
ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا

K24 - هەولێر

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لەمیانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی ناتۆ ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ناتوانێت چیتر چاوەڕانی ڕۆژئاوابکات تا بڕیاری ناردنی هاوکاریی سەربازی بدەن، چونکە ڕووسیا لە شەڕی دژی ئۆکرانیا باڵادەستە.

زێلێنسکی گوتیشی، "پێویستە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە زووترین کات حەوت سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بۆ ئۆکرانیا دابین بکەن، چونکە ئەو سیستەمە ڕێڕەوی شەڕ دەگۆڕێت."

هەروەها گوتیشی: "ئێمە داواتان لێناکەین سەرباز بنێرن بۆ شەڕی دژی ڕووسیا، خۆمان ئەو شەڕە دەکەین بەڵام داوای هاوکاریی سەربازیتان لێ دەکەین بەتایبەتی لە ئەمەریکا."

ڕاشیگەیاند، بەداخەوە هاوکارییەکانی ئەمەریکا ماوەیەکی زۆرە لەژێر پرسیاردان.

داوای هاوکاریی ئاسمانی و سیستەمی بەرگریی پاتریۆتان لێ دەکەین، چونکە لە ڕووی هێزی ئاسمانییەوە رووسیا دەسەڵاتی زیاترە.

دەشڵێت: "داوای حەوت سیستەمی بەرگریی ئاسمانی پاتریۆتان لێ دەکەم، ئێمە ناتوانین چیتر چاوەڕان بین تا بڕیار دەدرێت."

لە شوباتی ساڵی 2022، ڕووسیا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئۆکرانیا، کە بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کردووە و تاوەکوو ئێستەش شەڕ بەردەوامە و دەیان هەزار کەس کوژراوە و بریندار بوون و بە ملیۆنان هاووڵاتیی ئۆکراینیش ئاوارە بوون.