هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆ دەبێتەوە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

هەر چەندە زیاتر لە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا حکوومەتی خۆجێیی پێک نەهێندراوە. بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ جاری یەکەم کۆدەبێتەوە.

دوای کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، یەکەم کار کە ئەم ئەنجوومەنە دەبێ بیکات؛ دیاریکردنی کەسێکە بۆ پۆستی پارێزگار.

حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، "هەنگاو و ئامانجی یەکەممان دانانی پارێزگارێکی کوردە بۆ کەرکووک، چونکە بەپێی ڕێژەی دەنگەکانی دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا، پۆستەکە مافی نەتەوەی کوردە. هەڵبەتە دەبێت ئەو کەسەی هەڵدەبژێردرێت، خزمەتی تەواوی پێکهاتە و چین و توێژەکانی شارەکە بکات."

بەپێی زانیاریەکانی کوردستان24، بڕیارە هەفتەی داهاتوو، ئەنجوومەنەکە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن بکات؛ لە قۆناغی یەکەمدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا دیاری دەکرێت و لە قۆناغی دواتریش، پارێزگارێک دادەندرێت.

پەروین فاتیح، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک باس لەوە دەکات، رێککەوتن کراوە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک، "بەڵام لەوانەیە ئەو رێککەوتنانەی لایەنەکان لەسەری کۆکن، زیاتر پەیوەندیی بە سەرۆک فراکسیۆنەکانەوە هەبێت".

زیاتر لە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک تێ پەڕیوە، تاکو ئێستا هیچ کام لەو پێشنیارانەی کە پێشکەش کراون بۆ پێکهێنانی ئەنجوومەنەکە پەسەند نەکراون.