سوید هێزی سەربازیی بە ئاراستەی دەریای سوور دەجوڵێنێت

K24 - هەولێر

سوید بە هاتنە ناو ناتۆ بڕیاری جووڵاندنی هێزی سەربازی بۆ دەریایی سوور دا، ئەمیش وەک یەکەم هەنگاوی ئەندامێتیی فەرمیی  لە هاوپەیمانی ناتۆی ڕۆژاوا.

پێگەی " Swedish Center for Infromatio" بڵاوی کردووەتەوە، کە یەکەم بڕیاری سوید وەک ئەندامێکی تەواو لە ناتۆ، حکوومەتی سوید بڕیاری دا دەست بکات بە ناردنی هێزێکی سەربازی بۆ دەریای سوور؛ هێزێکی سەربازی کە پێکهاتووە لە 25 کەس لەگەڵ چوار تیمی جەنگی بۆ بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی یەکێتیی ئەوروپا و دڵنیابوون لە سەلامەتیی کەشتیوانی لە دەریای سووردا.

هێزەکەی سوید نوێیە و پێکهاتووە لە پسپۆڕانی سەربازی بە ئامێری تەواو و پزیشک، هەروەها جێگیرکردنی  کەشتییەکی ئەوروپی ناتۆ لە دەریای سووردا.

ئەو پێگەیە ڕایگەیاندووە، کە ئەو هێزەی سوید ڕەوانەی دەکات، ئامانجی پاراستنی کەشتییە بازرگانەکان و گیانی کەشتیوانانە لە دەریای سوور، لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی گرووپی حووسییەکان لە یەمەن دەستی پێ کردووە و لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت.

ئەندامێتیی سوید دوای بە ئەندامبوونی فینلاند هات لە ساڵی ڕابردوودا، بەمەش هەموو ئەو وڵاتانەی کە دەکەونە سەر دەریای باڵتیک جگە لە ڕووسیا، ئێستا هەموویان ئەندامی ناتۆن.

هەرچەندە سوید و فینلاند بەهۆی پەیوەستبوونیان بە یەکێتیی ئەوروپا لە ڕووی سەربازییەوە لە ئەمەریکا نزیکن، بەڵام لە رووی مێژووییەوە پێیان باشتر بووە لەو هاوپەیمانییە سەربازییە دوور بکەونەوە کە لە سەردەمی شەڕی سارد دژی یەکێتی سۆڤیەت پێ کهێنرا.

سوید بەشداری لە هێزەکانی ئاشتیپارێزیی نێودەوڵەتی دەکات، بەڵام لە دوای ململانێی لەگەڵ نەرویج لە ساڵی 1814 دا تووشی شەڕ نەبووە.

هێلسنکی و ستۆکهۆڵم لە یەک کاتدا کاندیدبوونی خۆیان بۆ پەیوەست بوون بەو هاوپەیمانییە لە ساڵی 2022دا ڕاگەیاند، ئەمەش دوای دەستپێکردنی هێرشەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا هات.

لە کاتێکدا فینلاند لە مانگی نیسانی ساڵی ڕابردوودا بە فەرمی پەیوەندی بە هاوپەیمانییەوە کرد،

ڕاپرسییەکی بۆچوون کە ڕۆژی هەینی لەلایەن ڕادیۆی ئێس ئاڕەوە کراوە، ئاشکرای کردووە کە زۆرینەی سویدییەکان پێیان وایە وڵاتەکەیان “قوربانییەکی زۆر گەورەی” داوە بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی هاوپەیمانیی سەربازی، بەڵام دان بەوەدا دەنێن کە ئاسایشی سوید بەم هەنگاوە بەهێزتر بووە.

جگە لە کاندیدکردنی بۆ پەیوەندیی بە ناتۆ، سوید لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا ڕێککەوتنێکی ئیمزا کرد کە ڕێگەی بە ئەمەریکا 17 بنکەی سەربازی لەسەر خاکەکەی دابمەزرێنێت.