لوفتهانزا ئەمڕۆ لە بارەی دەست پێ کردنەوەی گەشتەکانی بۆ هەولێر بڕیار دەدات

K24 – هەولێر

لوفتهانزا، گەورە کۆمپانیای فڕکەوانی مەدەنیی ئەڵمانیا، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە بڕیار لە بارەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکانی بۆ هەولێر بدات کە پێنجشەممەی ڕابردوو بەهۆی هەڕەشەو ئاڵۆزییەکانی ئیسرائیل و ئێران جارێکی دیکە ڕاگرتنی گەشتەکانی بۆ 48 کاتژمێری دیکە درێژکردەوە.

هەروەها کۆمپانیای یونایتد ئایرلاینزی ئەمەریکی بەهۆی مەترسیی لە بەردەوامبوونی هەڕەشە و هێرشەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بڕیاری دا تەواوی گەشتەکانی لە نیووارکی ویلایەتی نیوجێرزی ئەمەریکا بۆ تەلئەڤیڤ تا وەکوو ی ئایار درێژ کردەوە.

کۆمپانیاکە ئاماژەی داوە، پێشتریش لە 18ی ئەم مانگە هەر بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکان و پاراستنی گیانی تیمەکانی فڕۆکەوانیی و سەرنشینەکانی، گەشتێکی هەڵوەشاندووەتەوە.

لە دوای هێرشە مووشەکیی و درۆنەکانی ئێران لە سەرەتای هەفتەی ڕابردوو بۆ سەر ئیسرائیل کۆمپانیا جیهانییەکانی فڕۆکەوانی بەهۆی نا ئارامیی ئاسمانی ناوچەکە ڕووبەڕووی گرفتی زۆر بوونەتەوە، بە تایبەتیش لە گەشتەکانی نێوان ئاسیا و ئەورووپادا.