لە زاخۆ ئامادەکاریی بۆ گەشتوگوزاری هاوینە دەستی پێ کردووە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بۆ پێشوازیی لە گەشتیارانی وەرزی هاوین، بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەستی کردووە بە ڕێکخستن و نۆژەنکردنەوەی شوێنە گەشتیاری و ڕێگە و پردەکانی دەڤەرەکە.

لـە زاخۆ ئامادەکاریی گەشتوگوزاریی هاوینە دەستی پێ کردووە؛ بۆ ئەم مەبەستە شوێنە گەشتیاری و هاوینەهەوارەکانی دەڤەرەکە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری زاخۆوە نۆژەن دەکرێنەوە. بەشێکی زۆری ئەو هاوینەهەوارانە، بەهۆی لافاوەکەی چەند هەفتەی ڕابردوو، زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە.

چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری زاخۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەو زیانانەی بە شوێنە گەشتیارییەکانی زاخۆ گەیشتوون، بەسەر دوو جۆردا دابەش دەکرێن، ئەوانەی لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دروست کراون، (کۆرنیشی دەلال بۆ نموونە)، هەروەها هاوینەهەوارەکانی سنووری ناحیەی "دەرکارێ" و قەزای باتیفا.

بێجگە لە هاوینەهەوارەکان، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوکات سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی ڕێگەوبانەکانی زاخۆشە. لەو چوارچێوەیەدا ئێستا کار بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی سەرەکیی ناحیەی دەرکارێ و قەزای باتیفا دەکات.

بەشار محاویە، بەڕێوەبەری نۆژەنکردنەوە و پاراستنی ڕێگە و پردەکانی زاخۆ، ئاماژەی بەوە کرد، لافاوەکەی چەند هەفتەی ڕابردوو زیانێکی زۆری گەیاندووەتە ڕێگە و پردەکانی ئەو دەڤەرە و ئێستا سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەیانن.

لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین شوێنی گەشتیاریی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروست کردووە، لە ئەنجامدا ڕێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ دەڤەرەکە بەڕێژەی سەدا 100 بەرچاو زیادی کردووە و ڕۆژانە زیاتر دەبێت.