کازم زوبەیدی: تەقینەوەکەی بابل، پەیوەندیی بە سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکاوە نییە

کازم زوبەیدی، شرۆڤەکاری سیاسی و سەربازی
کازم زوبەیدی، شرۆڤەکاری سیاسی و سەربازی

K24 - هەولێر

شرۆڤەکاری سیاسی و سەربازیی ڕایدەگەیەنێت، تەقینەوەی بارەگاکەی حەشدی شەعبی لە بابل، پەیوەندیی بە سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمەریکاوە نییە. دەشڵێت، عێراق پێویستی بە ئەزموونی ئەمەریکا هەیە.

ئەمڕۆ شەممە، 20-04-2024، کازم زوبەیدی، شرۆڤەکاری سیاسی و سەربازیی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تەقینەوەی بارەگاکەی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای بابل هیچ پەیوەندییەکی بە سەردانەکەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا نییە.

بە گوتەی ئەو شرۆڤەکارە سیاسی و سەربازییە، "عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشە نێودەوڵەتییەکان، پێویستی بە ئەزموونی ئەمەریکا هەیە. محەممەد شیاع سوودانی لە سەردانەکەیدا بۆ ئەمەریکا نوێنەرایەتیی هەموو عێراقی کردووە، نەک تەنها چوارچێوەی هەماهەنگی یان لایەنە سیاسییەکانی دیکە".

کازم زوبەیدی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "لەوانەیە هێرشەکەی سەر بارەگاکەی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگاری بابل کۆتایی بەو ئاگربەستە ڕانەگەیەنراوە بهێنێت کە ماوەی نزیکەی دوو مانگە لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی عێراق و ئەمەریکادا هەیە."

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، نزیک کاتژمێر 01:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 20-04-2024، تەقینەوەیەک لە نێو سەربازگەی کالسو لە باکووری پارێزگای بابل ڕووی دا، کە بارەگای یەکەکانی سوپا، پۆلیس و دەستەی حەشدی شەعبی تێدایە و لە ئەنجامدا یەک ئەندامی دەستەی حەشدی شەعبی کوژرا و هەشت کەسیش بە ڕێژەی جیاواز بریندار بوون کە یەکێکیان سەربازی سوپای عێراقە.

شانەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، بە هەوڵ و کۆششی تیمەکانی بەرگریی شارستانیی بابل توانراوە ئاگرکەوتنەوەی تەقینەوەکە کۆنترۆڵ بکرێت و لیجنەیەکی تەکنیکی بۆ لێکۆڵینەوە لە بەرگریی شارستانیی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە پێک هێنراوە بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە نێو سەربازگەکە و دەوروبەری سەربازگەکە.

پێشتر لە ڕاگەیەنراوی جیاوازدا هەر یەک لە گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا و ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ڕایانگەیاندبوو کە هیچ پەیوەندییەکانیان بە کردەی سەربازی سەر پارێزگای بابل نییە.

هەروەها ڕاپۆرتی فەرماندەیی بەرگریی ئاسمانیی عێراق ڕایگەیاندووە، بەر لە تەقینەوەکەی بابل هیچ فڕۆکەیەکی جەنگی یان درۆنێکی نامۆ لە چاودێرییە ئاسمانییەکانی دەرنەکەوتووە. ڕاشیگەیاندووە، دوای کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکان ئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەنەوە.