37مین چالاكییەكانی فێستیڤاڵی بەهار لە مووسڵ دەستى پێ کرد

37مین فێستیڤاڵی بەهاری مووسڵ
37مین فێستیڤاڵی بەهاری مووسڵ

K24 - هەولێر

بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و نوێنەرى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و نوێنەرانى سەرۆککۆمارى عێراق و سەرۆکى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق و پارێزگاری مووسڵ و ژمارەیەک لە وەزیر و پەرلەمانتارانی عێراق، فێستیڤاڵی بەهار لە مووسڵ دەستى بە چالاکییەکانی کرد.

هەر لە فیستیڤاڵەکەدا ئاپۆڕایەکی جەماوەری ئامادەی چالاکییەکان بوون، فێستیڤاڵەکە بە دروشمی "پەیامى ئاشتى و ئاوەدانى" بەڕێوە دەچێت، هەر بەم بۆنەوە، پارێزگاری نەینەوا ئەمڕۆی کردە پشووی فەرمی بۆ ئەوەی هاووڵاتییان دەرفەتی باشتریان بۆ بەشداربوون لە 37مین فێستیڤاڵی بەهار بۆ بڕەخسێت کە دووەم ساڵە لە دوای 2003ـەوە لە سەر یەک بەڕێوە دەچێت.

چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە لە گۆڕەپانی ئاهەنگەکانی بەری چەپی مووسڵ بە پێشکەشکردنی شانۆگەرییەکانی سەندیکای هونەرمەندان و کۆلێژی هونەرە جوانەکان و چەند چالاکییەکی گۆرانیی و میوزیک بەردەوام دەبێت.

یەکەم فێستیڤاڵی بەهاری مووسڵ دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1969 و لەلایەن ئیدارەی خۆجێی پارێزگاکە بە دایکی بەهار ناسێنراوە و تاوەکوو 2003 ساڵانە بەردەوام بووە، بەڵام لە دوای شەڕی ئازادی عێراقەوە تا وەکوو ئێستا، دووەم ساڵە لە سەر یەک فێستیڤاڵەکە دەکرێت.