لە سیستان و بەلوچستان بەهۆی لافاوەوە 18 کەس گیانیان لەدەستدا

K24 – هەولێر:

بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و لافاو لە سیستان و بەلوچستان لانیکەم 18 کەس گیانیان لەدەستداوەو تەرمی یەکێک لە قوربانیان تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە.

بەهۆی بارانبارین و لافاو لە سیستان و بەلوچستان دەیان گوند وێرانبوون و، کارەبای 300 گوندیش بەتەواوی پچڕاوە، هەروەها رێگا سەرەکییەکانی ناوچەکە بەتەواوی زیانیان پێگەیشتووە.

هەروەها بەمهۆیەوە لانیکەم 18 کەس گیانیان لەدەستداوە و تەرمی یەکێک لە قوربانییان تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە، بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسە فەرمییەکانی ئێران، گەیاندنی ئاوی پاک بۆ 289 گوند ئاستەنگی تێکەوتووە.

چالاکوانانی ئەو ناوچانەش رەخنە لە حکومەتی ئێران دەگرن کە وەکو پێویست بەهانای زیانلێکەوتووانی لافاوەکەوە نەچوون و، هاوکاریان نەگەیاندووەتە دانیشتووانی ئەو ناوچانە.