عه‌زام حه‌مدانی: پێویستە سازان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووك هەبێت

عه‌زام حه‌مدانی، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی عه‌زم
عه‌زام حه‌مدانی، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی عه‌زم

K24 – هەولێر:

ئه‌ندامێکی هاوپه‌یمانی عه‌زم دەڵێت: لایەنەکانی کەرکووک تا ئێستا نەگەیشتوونە رێککەوتن بۆ دانانی پارێزگارێک، کە ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی متمانە لەنێو پێکهاتەکان.

عه‌زام حه‌مدانی، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی عه‌زم، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، نەبوونی متمانە تا ئێستا وایکردووە پێکهاتەکان لەنێوخۆیان رێکنەکەون بۆ ئەوەی پارێزگارێک بۆ پارێگای کەرکووک دابنرێت.

ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی عەزم، دەڵێت: بۆ ئیدارەدانی پارێزگای کەرکووک پێویستە یاسایەک هەبێت لەسەر بنەمای هاووڵاتییابوون، هەروەها پێویستە پێکهاتەکان لەنێوخۆیان رێکبکەون بۆ پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک.

عه‌زام حه‌مدانی، ئاماژەی بەوەدا، پێویستە هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک پێکەوە کۆببنەوە و رێکبکەون لەسەر پڕۆژەیەکی نیشتمانی ئەویش دانانی پارێزگارێکە بە رەزامەندی هەموو پێکهاتەکان.

ئەو ئەندامەی هاوپەیمانی عەزم، گوتی: پارێزگای کەرکووک لە 2003ـەوە تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی یەکگرتووەی تێدا نەدراوە، بەهۆی ئەوەی پارێزگایەکە ناکۆکی هەرێمیی و نێودەوڵەتی لەسەرە.

رۆژانی (16 و 18ـی کانوونی یەکەمی 2023) پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەچوو، کە بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆن رێژەی بەشداریکردن لەو پارێزگایە گەیشتە 66%، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان و نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و کارتی دەنگدان، هەزاران هاووڵاتی کورد لەو شارە بێبەشبوون لە دەنگدان.