ئهمهریكا له ڕێگهی كۆنگرێسهوه چین به ئامانج دهگرێت
K24 - هەولێر:
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمهریکا دەقێک پەسەند دەکات كه چینی به ئامانج گرتووه و مهبهستیهتی له ڕێگهی هاوكاریكردنی تایوانهوه ئهو ئامانجهی جێبهجێ بكات.
ئهمڕۆ (شهممه 20ـی نیسانی 2024) ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمهریکا (كۆنگرێس) دەقێکی پەسەند کرد کە ئامانج لێی کۆنتڕۆڵکردنی چینە لە ڕووی سەربازییەوە لە ڕێگەی وەبەرهێنان لە ژێردەریاییەکان و پێشکەشکردنی هاوکاریی بە تایوان.
لە دەقەکەدا هەشت ملیار دۆلار بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکراوە، و پێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی پیران (سێنات) هەیە، کە پێ دەچێت تا ڕۆژی سێشەممەی ئهم ههفتهیه دەنگی لەسەر بدات.
ڕۆژی 10ـی كانوونی دووهمی 2024، وەزارەتی بەرگری چین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "لە میانەی کۆبوونەوەی 17ـی کاری وەزارەتەکانی بەرگری چین و ئەمەریکا کە لە 8 و 9ـی 1ـی 2024، لە واشنتن بەڕێوە چوو، چین جەختی لەوە کردەوە کە سازش لەسەر پرسی تایوان ناکات، گوتیشی: لایەنی ئەمەریکا دەبێت رێز لە بنەمای یەک چین بگرێت و بەڵێننامە پەیوەندیدارەکان بە شێوەیەکی دروست جێبەجێ بکەن، واز لە چەکدارکردنی تایوان بهێنن و دەست بکەن بە دژایەتیکردنی سەربەخۆیی تایوان".
هەر لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا چین داوای لە ئەمەریکا کرد، "کردە سەربازی هەراسانکارەکانی لە ئاوەکانی باشووری چین کەم بکاتەوە"، هەروەها دەبێت لەهاوکارییەکانی بۆ تایوان بوەستێت.
وەزارەتی بەرگری چین ئاماژەی بەوەشکرد، "دەبێت ئەمەریکا بە تەواوی دان بە سەرچاوەی کێشە ئەمنییەکان لە دەریایی و ئاسمانیدا بنێت و کۆنترۆڵی توند بەسەر هێزەکانی هێڵی رووبەرووبونەوە بسەپێنێت و قسە و باسەکان رابگرێت".
لایەنی چینی ئامادەیی خۆی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی سەقامگیر لەگەڵ ئەمەریکا لە بواری سەربازیدا لەسەر بنەمای یەکسانی و رێزگرتن دەربڕیوە، لە هەمان کاتدا ئەمەریکا پێویستە بە شێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ نیگەرانییەکانی چین بکات و هەوڵی زیاتر بدات بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات.