وادەی بەڕێوەچوونی یاریی كۆتایی جامی كوردستان

یانەكانی هەندرێن و ئاكرێ لە یاریی كۆتایی جامی كوردستان 2024 بەیەك دەگەن
یانەكانی هەندرێن و ئاكرێ لە یاریی كۆتایی جامی كوردستان 2024 بەیەك دەگەن

یانەكانی هەندرێن و ئاكرێ گەیشتنە یاریی كۆتایی جامی هەرێمی كوردستان، بڕیارە رۆژی دووشەممە رێكەوت و شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەكە یەكلایی بكرێتەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە، 20 نیسانی 2024، لە قۆناغی پێشكۆتایی جامی كوردستان، لە هەولێری پایتەخت یانەی هەندرێن میوانداریی سەیدسادقی كرد، یارییەكەش بە 2 گۆڵ بەرامبەر تاكە گۆڵێك لە بەرژەوەندی هەندرێن كۆتایی هات، بەمەش نوێنەرەكەی شاری هەولێر بلیتی یاریی كۆتایی جامی كوردستانی بڕی.

لە یارییەكی دیكەی پڕگۆڵ دا، یانەی ئاكرێ بۆ یەكەمجار لە نێو یاریگە نوێیەكەی خۆی یارییەكی ئەنجام دا و لە قۆناغی پێشكۆتایی جامی كوردستان رووبەڕووی یانەی زاخۆ بووەوە و یارییەكە بە ئەنجامی 3 ـ 2 گۆڵ لە بەرژەوەندی ئاكرێ كۆتایی هات، لەو یارییەدا ئیسحاق مینسا یاریزانی پیشەگەری ئاكرێ لە خولەكی زیادكراوی كۆتایی یارییەكە گۆڵی سەركەوتن و گەیشتنی بە یاریی كۆتایی جامی كوردستان تۆمار كرد، بەمەش ئیسحاق مینسا بە تۆماركردنی 4 گۆڵ لوتكەی گۆڵكارانی جامی كوردستانی گرتووە.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان لە سەرەتای پاڵەوانێتی جامی كوردستان بریاریدا یاریی كۆتایی لە یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ بكرێت، وەرزی رابردوو یاریی كۆتایی جامی كوردستانیان بردە كۆیە، بۆ ئەمساڵیش یاریگەكانی سۆران و زاخۆ بۆ بەڕێوەچوونی یاریی كۆتایی بەربژێركرابوون، دواجار یاریگەی زاخۆ هەڵبژێردرا.

بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24، هەفتەی رابردوو كارگێری یانەی زاخۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستانیان ئاگادار كردووەتەوە كە دەیانەوێت یاریگەكەیان نۆژەن بكەنەوە و داوایان لێكردوون وادەی بەڕێوەچوونی یاریی كۆتایی جامی كوردستان لە كاتێكی زوو ئەنجام بدرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، رۆژی دووشەممە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی كوردستان كۆبوونەوەیەكی تایبەت دەكات كە تێیدا كات و شوێنی بەڕێوەچوونی یاریی كۆتایی جامی كوردستان یەكلایی دەكەنەوە.

.
.
.