بۆكان جاف: له‌ دوای کاتژمێر 12:00ـی سبه‌ی شەو دانانی ئیمۆجی ئاڵای تاجیکستان رابگرن

وێنه‌: گرافیكی كوردستان24
وێنه‌: گرافیكی كوردستان24

K24 - هەولێر:

بۆکان جاف دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق و دانەری زمانی کوردی- شێوەزاری سۆرانی لەوەرگێڕی گووگڵ، رایده‌گه‌یه‌نێت، تا سبەی 21ـی نیسانی 2024 کاتژمێر دوازدەی شەو له‌ دانانی ئیمۆجی ئاڵای تاجیکستان بەردەوام بن،  دواتر بە هیچ شێوەیەک بەکاری مەهێنن.

هه‌روه‌ها بۆكان جاف له‌ په‌یامێكیدا كه‌ له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت، داواتان لێدەکەم هەڵمەتی ئیمۆجی ئاڵای تاجیکستان لە کاتی خۆیدا لە بەرواری 21ـی نیسانی 2024  لە دوای 12 شەو بە هیچ شێوەیەک بەکار مەهێنن.

جاف راشیگه‌یاند، ئەم مانگە بووە هۆی ئەوەی هەموو گەلی کورد بە یەکگرتوویی تەبایی داوای ئاشتیانەی خۆی بکات.

پێشتریش بۆکان جاف بە کوردستان24ـی راگه‌یاندبوو، بۆ هەموو کوردان لە هەر شوێنێکی ئەم زەمینەدان، تکایە ئیمۆجیی ئاڵای تاجیکستان پۆست بکەن، لە کۆمێنت، لە هەموو سۆشیال میدیا و  ئەکاونتەکانتان، هەموو شوێنەکان پڕ بکەن لە ئاڵای تاجاکستان، ماوەی مانگێک تاوەکو 21/4، ئەم کارە بە گرنگیەوە سه‌یر بکەن.

هه‌روه‌ها گوتبوشی: "ئەم مانگە پڕ لە بەرپرسیارێتییە بۆ هەموو گەلی کورد".

هاوکات بۆکان جاف ئەوەشی راگەیاندبوو، بۆ ئیمۆجیی ئاڵای تاجیکستان:

یەکەم: چونكه‌ ئاڵای کوردستان ئیمۆجی نییە، ئێستە پێویستە ئاڵایەکی هاوشێوەی ئیمۆجیی ئاڵای کوردستان بەکاربهێنرێت لە لایەن خەڵکەوە، بۆ ئەوەی له‌ماوه‌ی ئه‌و یه‌ك مانگه‌دا داتا وەربگرین کە چەند کەس بەکارییان هێناوە.

دووەم: لەسەر ئیمۆجیی ئاڵای تاجیکستان ڕێکەوتن کراوە، چونکە زۆر لە ئیمۆجیی ئاڵای کوردستان دەچێت لە شێوەدا وەک تاقیکارییەکە.

سێیەم: ئەم کەمپینە، كه‌ بۆ مانگێکە بۆ ئەوەیە خواست و ئارەزووی خەڵک بزانرێت، چونکە ئیمۆجیی ئاڵای کوردستان پشت دەبەستێت بەوه‌ی ئایا خەڵک ئارەزووی دەکات یان نا.

چوارەم: داتای ئەم مانگە لە لایەن لایەنی پەیوەندیدار وەک بەڵگە و بیانوو بەکار دەهێنرێت.

پێنجەم: ئیمۆجیی ئاڵای تاجیکستان بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی کە بڵێین کە " فەرموو نەتەوەیەک هەیە کە ئیمۆجیی وڵاتێکی دیکە بەکار دەهێنرێت بەهۆی نەبوونی ئیمۆجیی ئاڵای خۆی.

شەشەم: ئەم کەمپینە چاوی زۆر لەسەرە و چاودێریی دەکرێت، لە کۆتایدا بۆ هەمووان ڕوون دەبێتەوە.

ئەمانە و چەندین خاڵکی دیکە قۆناغ بە قۆناغ ڕوونی دەکەمەوە، ئەگەر دەتەوێت ئیمۆجیی ئاڵای کوردستان زیاد بکرێت تکایە هەموو سۆشیال میدیا پڕ بکەن لە ئیمۆجیی ئاڵای تاجیکستان.