کۆنگرێسی ئەمەریکا پاکێجێکی هاوکاری دارایی بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل پەسەند دەکات

باڵەخانەی کۆنگرێس- ئەمەریکا
باڵەخانەی کۆنگرێس- ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

گۆنگرێسی ئەمەریکا بە پاڵپشتییەکی بەرفراوان لەلایەن دیموکرات و کۆمارییەکان پاکێجێکی هاوکاری بە بەهای 95 ملیار دۆلار پەسەند کرد کە هاوکاری ئەمنیی پێشکەش بە ئۆکرانیا، ئیسرائیل و تایوان دەکات.

ئەمڕۆ شەممە (20ـی نیسانی 2024) کۆنگرێسی ئەمەریکا پاکێجێکی هاوکاری بە بەهای 61 ملیار دۆلار پەسەند کرد بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆکرانیا بۆ وەڵامدانەوەی لەشکرکێشی رووسیا.

هەروەها کۆنگرێس بە بەهای 34 ملیار دۆلاریش هاوکاری ئەمنیی پێشکەش بە ئیسرائیل و تایوان دەکات، سەرەڕای نیگەرانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی لە چارەنووسی خەڵکی سڤیل لە غەززە.

ئەم پارانە بە تایبەتی بۆ بەهێزکردنی سیستەمی دژە مووشەکی ئیسرائیلە، هاوکات بڕیارەکە پێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجوومەنی پیران هەیە، کە بڕیارە ڕۆژی سێشەممە یەکەم دەنگی خۆی لەبارەیەوە بدات.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لەسەر ئەم هەنگاوە ئاماژەی بەوەدا، "ئەمڕۆ ئەندامانی گۆنگرێس لە هەردوو پارت دەنگیان بە بەرژەوەندییە ئەمنییە نیشتمانییەکانمان دا".

هاوکات بایدن داوای لە ئەنجوومەنی پیران کرد "پەلە بکەن لە ناردنی پاکێجی هاوکارییەکان بۆ نووسینگەکەی بۆ واژۆکردن و خێراترکردنی ناردنی چەک بۆ ئۆکرانیا بۆ دابینکردنی پێداوسیتییە جەنگییەکان.