ئاوێتەبوونی بەفر و سەوزایی لە گۆمی فێڵاو سەرنجی گەشتیارانی ڕاکێشاوە
K24 - هەولێر
دیمەنی بەفری لووتکە و سەوزایی دامێنی چیاکان هەر دوو وەرزی زستان و بەهاری ئاوێتە کردووە، ڕۆژانە گەشتیارێکی زۆر بۆ بینینی ئەو دیمەنە سەرنجڕاکێشە سەردانی گۆمی فێڵاو له سنووری شارۆچكهی چۆمان و دهڤهری باڵهكایهتی دەکەن.
گەشتیارەکانیش هاوشێوەی دیمەنەکە لە نەتەوەی جیاوازی ئاوێتەی یەکتر بوون و نزیکەی کیلۆمەترێک پیادەڕەوی دەکەن بۆ ئەوەی بگەنە شوێنی دڵخوازیان و سەر ئاوی گۆمی فێڵاو.
دیمەنی سروشتی کوردستان، بە تایبەت لە وەرزی بەهاردا، ساڵانە گەشتیارێکی زۆری ناوخۆیی و ناوچەکانی عێراق و جار جارە خەڵکی بیانیش سەرنج ڕاکێش دەکات بۆ ئەوەی لە گەشتێکی کوردستان بکەن و لە نزیکە ئەو سروشتە ببینن.
جۆرج گهشتیاری خەڵکی چیكە بۆ کوردستان24 دەڵێ "ئێمە لە کۆماری چیکەوە بۆ سەردانی کوڕەکەمان هاتووین کە لەیەکێک لە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان کاردەکات لە هەولێر. توانیمان گەشتێکی دوو ڕۆژە بۆ ئێرە بکەین بۆ بینینی ئەم دیمەن و شاخە جوانە".
ڕادانای هاوسەری جۆرج، ئەویش بۆ کوردستان24 گوتی "ناوچەیەکی زۆر جوانە و خەڵکێکی زۆر باشیشی لێیە، حەزمان لە خواردنی ئێرەیە، خواردنی ئێرە زۆر بەتامە".
دیمهنهكانی نزیك له گۆمی فێڵاو بهراورد بهساڵانی ڕابردوو جیاوازتر دەردەکەوێت و زیاتر بووەتە جێی سەرنجی گەشتیاران، گهشتوگوزاری چۆمانیش بۆ پاراستنی ژینگه و سروشتە جوانهكەی گۆمەکە و دەوروبەری ڕێکارێکی نوێی گرتۆتهبهر و لە بارەی پلان و ڕێکارە نوێیەکە، ههڵگورد محەممەد بهڕێوهبهری گهشتوگوزاری چۆمان بۆ کوردستان24 گوتی "لە رێنماییەکانماندا ڕێگە بە کەمپین کردن لە نزیک گۆمی فێڵاو نادەین، بەڵکوو شوێنێکی تایبەتمان بۆ دیاری کردوون تا وەکوو ڕێگە لە جووڵەی گەشتیار نەگیرێت، هەروەها ئاگرکردنەوە لە نزیک گۆمەکە ڕێگە پێدراون نییە و چەند ڕێنمایی دیکەی تایبەت بە پارێزگاری لە سروشتی ناوچەکە گیراوەتە بەر، گۆمی فێلاو لەم وەرزەدا پێشەنگی ناوچە گەشتیارییەکانە و ساڵانەش گەشتیارانی ڕوو لە زیاد بوونە، بۆتە هۆكاری بوژانەوەی گەشتوگوزار لە شارۆچکەی چۆمان و زیاتر ناساندنی"
گۆمی فێلاو بە دووری پێنج كیلۆمهتر دهكهوێته باكووری ڕۆژههڵاتی شارۆچكهی چۆمان، نزیكهی 2000 مهتر له ئاستی ڕووی زهریا بهرزه و بە یهكێك له سهرنجڕاكێشترین ناوچهی گهشتیاریی ههرێمی كوردستان و عێراق و ناوچهكهیه.