ناتانیاهۆ داوا لە ئەمەریکا دەکات سزای سوپای ئیسرائیل نەدات

یەکەی نیتزەح یەهودا لە سوپای ئیسرائیل
یەکەی نیتزەح یەهودا لە سوپای ئیسرائیل

K24 –

بنیامین ناتانیاهو سەرۆک وەزیری ئیسرائیل نامەیەکی بۆ حکوومەتی ئەمەریکا ناردووە و داوا دەکات هیچ سزایەک بە سەر هیچ یەکەیەکی سەربازیی سوپای ئیسرائیلدا نەسەپێنێت، نامەکەی ناتانیاهۆ دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی دێت کە ئاشکرای کردووە، یەکەیەکی سوپای ئیسرائیل لە غەززە پێشێلیی مافەکانی مرۆڤیان کردووە.

دوای ئەوەی پێگەی ئاکسیۆس ئاشکرای کرد، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەیەوێت سزا بەسەر یەکەی "نیتزەح یەهودا" بسەپێنێت کە یەکەیەکی سەر بە سوپای ئیسرائیلە، تۆمەتبارکراوە بە توندوتیژیی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کەرتی غەززە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پێگەکە، سێ سەرچاوەی ئاگادار لە ناوخۆی ئەمەریکاوە پێیان ڕاگەیاندووە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەگەر هەیە لەم هەفتەیەدا بڕیاری سزادانی یەکەکەی سوپای ئیسرائیل ڕاگەیەنیت، ئەمەش سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلی نیگەران کردووە و لە نامەکەیدا داواکارە لەم دۆخەی وڵاتەکەی تێیدایە، هیچ یەکەیەکی سوپای وڵاتەکەی سزا نەدات.

بە گوێرەی ئاکسیۆس، سزاکانی ئەمریکا بۆ یەکەی "نیتزەح یەهودا" بێبەشکردنی ئەو یەکەیە دەبێت لە هەموو جۆرە ڕاهێنان و هاوکارییەکی سەربازی لە لایەن وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاوە. هەر بۆیە بنیامین ناتانیاهۆ لە نامەکەیدا داوای پاشگەزبوونەوەی لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کردووە بۆ ئەوەی بڕیارەکە ڕانەگەیەنێت و هەڵیوەشێنێتەوە.

زیاتر لە شەش مانگە شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە و تا وەکوو ئیستا نزیکەی 35 هەزار کەس لە دانیشتوانی غەززە کوژراون و نزیکەی 77 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون کە بەشێکی زۆریان منداڵ و ژنانن.

هەروەها ئاژانسی فریاگوزاریی بۆ کاروباری پەنابەرانی فەڵەستین ناسراو بە "ئۆنروا" لە تازەترین پەیامیدا ڕایگەیاندووە، لە هەر 10 خوولەکێکدا لە غەززە منداڵێک بە گولـلەی سوپای ئیسرائیل دەکوژرێت.