دەنگۆی هاوپەیمانێتیی سەربازیی نهێنی لە نێوان ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و ئیسرائیل سەرهەڵدەداتەوە

K24 - هەولێر

لە دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران جارێکی دیکە دەنگۆی هاوپەیمانێتیی سەربازی لە نێوان وڵاتانی عەرەبی دژی ئێران سەرهەڵدەداتەوە، بەشێک لە شارەزایانی سیاسی بۆچوونیان وایە، هاوپەیمانێتیی سەربازیی نهێنی لە نێوان ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی بە نهێنی هەیە.

هاوپەیمانێتیی سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو هێڵە ستراتیژە سەربازییەی کە لە 24ـی حوزەیرانی ساڵی 2022 شا عەبدوڵڵای ئوردن لە میدیا ئەمەریکییەکان ورووژاندی، بەو پێیەی ناکۆکییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و ئێران کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر  ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دروستکردووە، جارێکی دیکە دەنگۆی ئەم هاوپەیمانێتییە سەرهەڵدەداتەوە.

بەتایبەت لە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەشێک لە وڵاتان رێڕەرەوی گەشتە ئاسمانییەکانیان داخست و، ئوردن وەک تاکە وڵاتی عەرەبی بەشداریکرد لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی ئێران.

ئێدی کۆهین، شارەزای سیاسی لە ئیسرائیل  بە کەناڵی "ئەلحورە"ـی ڕاگەیاندووە: هاوپەیمانێتییەکی نهێنی لە نێوان ئیسرائیل، سعوودییە، ئوردن، ئیمارات و بەحرەیندا هەیە، دەشڵێت: "ئامانجی هاوپەیمانێتییەکە رووبەڕوبوونەوەی ئێران و بریکارەکانییەتی لە ناوچەکە و، بەر لە هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل هەماهەنگی تەواوی هەواڵگری لەنێوان ئیسرائیل و ئەم وڵاتانەدا هەبووە."

هەروەها کۆهین روونی کردووەتەوە: هاوپەیمانێتییەکە تەنیا بواری سەربازی نییە،بەڵکو هەماهەنگی ئابووری و، بازرگانیشی گرتووەتەوە.

فادی ئید، توێژەر لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جەخت لەوە دەکاتەوە  کە هاوپەیمانێتی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی لە بواری هەواڵگری و سەربازی بەسەرپەرشتی ئەمەریکا لە ناوچەکە هاتووتە ئاراوە.

لە بەرامبەردا ژمارەیەک گرووپ و میلیشیا بەناوی"بەرەی مقاوەمە" لە وڵاتانی عێراق، سووریا، لوبنان، فەڵەستین و یەمەن هەن، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت و، تاران بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی بەکاریان دەهێنێت.

سەعید شاوەردی، شارەزای سیاسی لە ئێران، بۆچوونی وایە: ڕاگەیاندنی هەر هاوپەیمانێتییەکی سەربازی لە نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو گرژی زیاتر دەبات.