نوێنەری ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان: پاکێجە نوێیەکەی هاوکاریی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا کیێڤ ڕزگار ناکات.

K24 - هەولێر

لە شوباتی ساڵی 2022، ڕووسیا هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ئۆکرانیا، بەشێکی خاکی ئەو وڵاتەی داگیر کردووە و تاوەکوو ئێستەش شەڕ بەردەوامە و دەیان هەزار کەس کوژراون و بریندار بوون و بە ملیۆنان هاووڵاتیی ئۆکراینیش ئاوارە بوون.

دیمیتری پۆلیانسکی، جێگری یەکەمی نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، پاکێجە نوێیەکەی هاوکاری ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا، کیێڤ ڕزگار ناکات.

پۆلیانسکی لە لێدوانێکی لەسەر ئاهەنگگێڕانەکەی ڤلادیمێر زێلێنسکی بۆ بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەم هاوکارییە نوێیە دەیان هەزار ئۆکراینی بەرەو مردن پەلکێش دەکات.

ئەو دیپلۆماتکارە ڕووسییە گوتیشی، "هەمووئەمانەی کە ڕوو دەدەن، کاتێک دروست دەبێت کە سەرۆکی وڵات بایەخ بە گەلەکەی نەدات و وڵاتەکەی بفرۆشێت. ئەوەی ئێستا هەیە، پێویست بە ئاهەنگێڕان ناکات".

پۆلیانسکی ئەوەشی خستە ڕوو، هاوکارییە نوێیەکە ڕێگە بە کۆمپانیای سەربازی تایبەتی "ئۆکرانی" دەدات کە ناوی "دژە ڕووسیا"یشی هەڵگرتووە، زیاتر کاربکات و پارەی زیاتر و چەکی زیاتر بدزێت و دەیان هەزار ئۆکراینیش لەناو ببات.

پۆلیانسکی جەختیشی کردەوە کە کۆتاییەکانی ڕژێمی کێیڤ شتێکی حاشا هەڵنەگرە و بەمزووانە سەرەڕای ئەم پاکێجە نوێیە و هەموو هەوڵەکانی لایەنگرانی ئۆکرانیا لە ئەمەریکا و ناتۆ کۆتایی پێ دێت.

دوێنێ شەممە، 20ـی نیسانی 2024، ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە دانیشتنەکەیدا ڕەشنووسی یاسای تەرخانکردنی یارمەتیی بۆ ئۆکرانیا بە بەهای نزیکەی 61 ملیار دۆلار پەسەند کرد. هەروەها ڕەشنووسی یاسایەک دەرچوو کە بڕگەیەک لەخۆ دەگرێت کە پێویستە دەست بەسەر سەروەت و سامانی سەروەری ڕووسیادا بگیرێت بۆ بەرژەوەندی ئۆکرانیا.

لای خۆیەوە دیمیتری پیسکۆڤ گوتەبێژی سەرۆکایەتی ڕووسیا ڕایگەیاند، بڕیارە چاوەڕوانکراوەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ تەرخانکردنی هاوکاریی زیادە بۆ ئۆکرانیا واشنتۆن دەوڵەمەند دەکات و کیێڤ وێران دەکات.