پۆلیسی فەڵەستین دەستی بەسەر چەند ئۆتۆمبێلێکی گرانبەها و بڕەپارەیەکی زۆری سواڵکەرێکدا گرت

K24- هەولێر

چالاکوانانی سۆشیال میدیا وێنەی ئەو شتانەیان بڵاوکردەوە کە پۆلیسی فەڵەستین لە ماڵی سواڵکەرێکی دەوڵەمەند دۆزیوەتەوە کە لەگەڵ براکەیدا خاوەنی پێنج ئۆتۆمبێل بوونە، ئەمەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

پۆلیسی فەڵەستین لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە و دەڵێت: "ئەمڕۆ پۆلیس لە شارۆچکەی بیر زەیت، باکووری ڕامەڵڵا، سواڵکەرێکی لەناو ئۆتۆمبێلێکی مۆدێلی 2020دا دەستگیر کردووە، هەروەها دەستی بەسەر 15 هەزار شیگڵ لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا گرتووە".

پۆلیس ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە کاتی گەشتی بنکەی پۆلیسی بیرزەیت لە شەقامەکانی شارەکەدا، گومان لە کەسێک کراوە، کە لەناو ئۆتۆمبێلێکدا دانیشتبوو لە دۆخێکی گوماناوی بووە، لەکاتی کۆنترۆڵی ناسنامەکەیدا، ئەفسەری دەورییەکە تێبینی بوونی بڕە پارەیەکی ئاسنی کردووە کە لەناو کیسەی نایلۆن لە تەنیشت شۆفێرەکەدا بووە".

 ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەو کەسە گوتوویەتی لە چوارڕییان و ڕێگاوبانەکاندا سواڵی کردووە، هەروەها کۆمەڵێک کەسیشی دابەش کردووە بۆ سواڵکردن لە شوێنە گشتیەکان و لە چوارڕییانەکانی پارێزگاکانی دیکە، دواتر گەڕاوەتەوە بۆ ڕامەڵڵا".

ڕاشیگەیاندووە، دوای بەدەستهێنانی فەرمانی گەڕان لەلایەن داواکاری گشتیەوە، لەکاتی پشکنینی ماڵەکەیدا، پێنج ئۆتۆمبێلی گرانبەها دۆزرایەوە، کە هی خۆی و براکەی بووە، کە وەک سواڵکەرێک کاری لەگەڵدا کردووە، هەروەها دەست بەسەر هەشت هەزار شیگلی ئاسن لەگەڵ 22 هەزار شیگڵ کاغەزدا گیراوە، هەروەها 29 حەبی جۆری لاریکا و 12 حەبی ترامال و تابلۆی ئۆتۆمبێلی فەڵەستینیان پێ بووە.

جەختیشی کردەوە، "دەست بەسەر کەلوپەلەکاندا گیراوە، هەردوو تۆمەتبارەکەش دەستگیر کراون، ڕەوانەی داواکاری گشتیی دەکرێن بۆ ئەوەی ڕێکارە یاساییەکان بەرامبەریان بگیرێتە بەر".

پارە و ئۆتۆمبێلەکانی سواڵکەرەکە
پارە و ئۆتۆمبێلەکانی سواڵکەرەکە
پارە و ئۆتۆمبێلەکانی سواڵکەرەکە
پارە و ئۆتۆمبێلەکانی سواڵکەرەکە
پارە و ئۆتۆمبێلەکانی سواڵکەرەکە
پارە و ئۆتۆمبێلەکانی سواڵکەرەکە
پارە و ئۆتۆمبێلەکانی سواڵکەرەکە
پارە و ئۆتۆمبێلەکانی سواڵکەرەکە