لە عەربەت ئاگر لە مۆڵێک کەوتەوە
K24 – هەولێر
لە ناحیەی عەربەت، ئاگر لە مۆڵێک کەوتەوە کە زیانێکی زۆری بە مۆڵەکە گەیاندووە و ئێستەش تیمەکانی بەرگریی شارستانیی بەشێکی زۆری ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.
دانیشتوویەکی ناحیەی عەربەت، کە نزیکایەتی لەگەڵ خاوەن مۆڵەکە هەیە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە کاتژمێر 4:00ـی بەیانییەوە کاتێک ئاگرەکە کەوتەوە ئێمە هاتووین و لێرەین، گوتیشی: سوپاسی تیمی بەرگریی شارستانیی دەکەین کارێکی زۆر باشیان کرد، هەروەها نەیانهێشت ئاگرەکە بگاتە نهۆمی دووەم، تەنها ژێرزەمینەکە بە تەواوی سووتاوە.
گوتیشی: ئەو مۆڵە هەموو پێداویستیەکانی ڕۆژانەی خەڵکی تێدا بووە و زیانی ماددیی زۆری بەرکەوتووە، دەشڵێت: تاوەکو ئێستا ئاگری بچووک بچووک ماوە خەریکی کوژاندنەوەن.
بەشی ژێرزەمینی مۆڵەکە کەلوپەلی پاککەرەوەی تێدا بووە، تاوەکو ئێستاش زیانەکان دیاری نەکراوە؛ هەروەها ئەو کەلوپەلانەش کە نەسووتاون ناتوانرێت جارێکی دیکە بەکار بهێنرێنەوە.