مارتین سکۆرسێزی بەشداریی لە 74ەمین ڤێستیڤاڵی نێونەتەوەی فیلم کرد
K24 - هەولێر
لە 74ەمین ڤێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلم، مارتین سکۆرسێزی دەرهێنەری بەناوبانگی سینەمای جیهان دەرکەوت.
"مارتین سکۆرسێزی" دەرهێنەری بەناوبانگی سینەمای جیهان، لە 74 خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "بەرلیناڵه"، لە بەردەم کامێرای فۆتۆگرافەران و وێنه‌گرانی سینەماتۆگرافی جیهان ده‌رکه‌وت و لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی ئەم بۆنە سینه‌ماییه بەناوبانگەدا، وەڵامی پرسیاره‌کانی پەیامنێران، ڕۆژنامەنووسان، ڕەخنەگران و نووسه‌رانی سینەمایی دایەوە.
"مارتین سکۆرسێزی" Martin Scorsese دەرهێنەری ناسراو و دیاری ئەمەریکی، بۆ ته‌مه‌نێک داهێنان و ده‌سکه‌وتی هونه‌ریی له حه‌فتا و چواره‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی فیلمی "بەرلین" Berlinale لە ئەڵمانیا، خەڵاتی شانازیی "ورچی زێڕین "Golden Bear"ی له ده‌ستی "ویم ویندێرس" Wim Wenders ده‌رهێنه‌ری ناودار و پڕ له شانازیی ئه‌ڵمانی وه‌رگرت.
دوای وەرگرتنی خەڵاتەکە سکۆرسێزی بۆ کوردستان24 گوتی: "فێستیڤاڵه‌کانی فیلم، شوێنێکه که ئێمه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای فیلمسازان و هاوکارانی خۆمان له‌وانه؛ وێندێرس، دیدار و چاوپێکه‌وتن ده‌که‌ین. به دیار فیملهکانی یه‌کترییه‌وه داده‌نیشین، تاریفی یه‌کتریی ده‌که‌ین و پێکه‌وه باس و وتووێژ ده‌که‌ین، ئێمه به شوێن ڕێگای خۆماندا ده‌ڕۆین. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه کاتێک بە هونەرێکەوە پەیوەست ده‌بی، چی دیکه ناتوانی کارێکی دیکه بکه‌ی."
داهێنه‌ری به‌رهه‌مه شاکاره‌کانی سینه‌مای جیهان، له‌وانه؛ "شوێفیری تاکسی"، "مانگای تووڕه"، "هه‌ڤاڵه باشه‌کان"، "دوایین وه‌سوه‌سه‌ی مه‌سیح"، "هۆگۆ"، "ڕویشتووان"، "دار و ده‌سته‌ی نیۆیۆرکی"، "پاش کاتژمێری ئیداری"، "گورگی واڵ ئیستریت"، "بکوژانی مانگی گوڵ" و هتد له درێژه‌ی قسه‌کانیدا ڕایگه‌یاند: "کاتێک ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ی، کاتێک ده‌بێت ته‌نیا بی. ئه‌م به‌شه ته‌نیاییه، به‌ڵام زۆر گرنگه که ده‌بێت له‌بیرتان بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌نیاش بن، ئێوه به‌شێکن له کۆمه‌ڵگە. و ئه‌و کۆمه‌ڵگەیه خه‌ڵکی به عه‌شقێکی وه‌سواسی به هونه‌رێک به ناوی سینه‌ما ڕێنوێنی ده‌کرێن. ئه‌م کاره‌ی که ئێمه به شێوه‌ی ته‌نیا ئه‌نجامی ده‌ده‌ین؛ به‌شێک له وتووێژێکی به‌رده‌وام و له کۆتاییشدا بێ پایانه."
ئه‌م ده‌رهێنه‌ره بهزموونهی سینه‌ما و براوه‌ی خه‌ڵاته گرنگه جیهانییه‌کان، له‌وانه؛ ئۆسکار، کان، ڤێنیز، به‌رلین، گۆڵدێن گلۆب، گڕامی، بافتا و ئێمی له کۆتایی قسه‌کانیدا دەڵێت: "له ڕاستیدا هه‌ست ده‌که‌م ئێستە، له‌وه‌ی که له‌م ڕێوڕه‌سمه و له‌م وتووێژه‌دا به‌شداریی ده‌که‌م، خۆشحاڵم. سه‌باره‌ت به کاره‌کانیشم ناتوانم شتێک بڵێم؛ تا ڕاده‌یه‌ک به‌و هۆیه‌ی که وادیاره به‌ڕاستی ئێستاش ده‌مه‌وێت فیلم ساز بکه‌م. زووتر له‌وانه و شایه‌د چه‌ند ساڵی دیکه به فیلمه نوێیه‌که‌م بۆ بەرلیناڵه بگه‌ڕێمه‌وه و هیوادارم که دووباره لێره ئێوە ببینمەوە."
لە ڕاگه‌یاندراوی به‌رپرسانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "بەرلین"دا سەبارەت بەم ئەفسانەیەی سینەمای جیهانی هاتووە؛ بەرلیناله شانازی دەکات که ورچی زێڕینی فه‌خری و شانازیی ئەمساڵ بە سینەماکارێک پێشکەش بکات کە بەردەوام سینەمای به‌ره‌و ئاراستە نادیارەکان بردووە.
مارتن سکۆرسێزی بە کۆمەڵێک له به‌رهه‌مه‌کانی له ماوه‌ی شەش دەیە و هه‌بوونی زیاتر لە چل تایبه‌تمه‌ندی، لە حەماسه و داستانە تاوانکارییەکانەوە تا فیلمی ئەنیمەیشن و دراما ئاینییەکان، شۆڕشێکی گەورەی لە سینەمادا دروست کردووە و لەگەڵ هەر فیلمێکی نوێ‌دا، هه‌مدیسان خۆی دادەهێنێتەوە. دوایین بەرهەمی ئه‌و، بە ناوی "بکووژانی مانگی گوڵ" Killers of the Flower Moon بەڵگەیەکی ڕوون و زەق و سه‌رنجڕاکێشه لەسەر هێزی سینەما بۆ ئەوەی ببێتە ئەو شتەی کە "ڕاجێر ئیبێرت" Roger Ebert ڕەخنەگری سینەمایی، له رۆژ و سه‌رده‌مانێکدا پێی دەگوت "ئامێری هاوسۆزی"، کە بۆرییەکی تەلەپاتییە لە نێوان سینەماکار و بینەردا. ئەم پانێڵە قووڵە که له لایه‌ن دەرهێنەری بەناوبانگ و خه‌ڵات کراوی بەریتانی، "جۆوانا هاگ" Joanna Hogg میوانداریی ده‌کرێت، بانگهێشتی دوو سینەماکار دەکات بۆ ئه‌وه‌ی که سه‌باره‌ت به گەشتەکەی سکۆرسێزی لە نێو فیلمەکاندا و هەروەها ئه‌وین و خۆشەویستیی هاوبەشی ئێمه بۆ سینەما بە هەموو زمانەکانی ئه‌و بواره، تێڕامان و وردبوونه‌وه‌یان هه‌بێت.
حەفتا و چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "بەرلین" به سەرپەرشتیی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی خاتوو "ماریێت ڕیسنبێک" Mariette Rissenbeek و بەڕێوەبردنی هونەریی "کارلۆ چاتریان" Carlo Chatrian لە چەندین بەشی ڕکابه‌ری و کێبڕکێدا، لەوانە؛ بەشی کێبڕکێ و ڕکابه‌ریی "سەرەکی"، بەشی کێبڕکێی "ڕووبەڕووبوونەوەکان" Encounters، بەشی "پانۆراما" Panorama، بەشی کێبڕکێی "نەوەکان" Generations، بەشی کێبڕکێی "فۆرۆم" واته مەکۆ Forum، بەشی "کورتە فیلم"، بەشی فیلمی بەڵگەنامەیی و چەندین بەشی ده‌ره‌وه‌ی ڕکابەری لەوانە؛ بەشی "نمایش‌کردنی تایبەت"، بەشی "نمایش‌کردنی سینەمای کلاسیک" و هتد لە شاری بەرلین له وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو.
وێنەکان مەنسوور جیهانی/ بەرلین