ئێران درۆن و مووشەکەکانی لە پێشانگەی بەغدا نمایش دەکات

K24 – هەولێر

وەزارەتی بەرگریی و هێزە پشتیوانییەکانی ئێران لەگەڵ دامەزراوە پیشەسازییە سەربازیی و بەرگرییەکانی ئێران، بەشداریی لە پێشانگەی ئاسایش و بەرگری بەغدا دەکەن و مووشەک و درۆنەکانیان نمایش دەکەن.

ئاژانسی تەسنیم، سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، پێشانگەی نێودەوڵەتیی ئاسایش و بەرگریی بەغدا بە بەشداری نوێنەرانی بەرگریی دەیان وڵات بەڕێوە دەچێت، کە تیایدا توانا سەربازییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئێران لە مووشەک و درۆن تیایدا نمایش دەکرێن.

ئاژانسەکە نووسیویەتی: وەزارەتی بەرگری لە پێشانگەی بەغدا دەستکەوتە جۆراوجۆرەکانی پیشەسازیی سەربازی نمایش دەکات، لە نێویاندا درۆنەکانی مەهاجر، بەردی بڵندی ‌غەززە لەگەڵ مووشەکەکانی دژە تانک، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی و چەکی کەسیی هەن.

دوێنێ شەممە لە 12مین خوولی پێشانگەی نێودەوڵەتی بەغدا پێشانگەی پیشەسازیی جەنگیی ئاسایش و بەرگریی عێراق بە چاودێریی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کە هاوکات فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە، لە ژێر دروشمی "بە یەکگرتوویی سەرکەوتین .. بۆ بنیادنانەوە هەنگاومان نا" دەستی بە چالاکییەکانی کرد.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، 18 وڵاتی عەرەبی و بیانی لەگەڵ 112 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بە نمایشکردنی بەرهەمە جەنگییەکانیان بەشدارن و بڕیارە پێشانگەکە تا وەکوو 23ی ئەم مانگە بەردەوام بێت.