بڵند ئیسماعیل: دەیانەوێت لە ڕێگەی هەڵبژاردنێکی دیزاینکراو هاوکێشەکان بگۆڕن

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی
بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی

K24 – هەولێر

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ڕایگەیاند، لایەنێکی دەرەکی دەیەوێت لە ڕێگەی دیزاینێکی تایبەت بۆ هەڵبژاردنێکی ساختە و نەخشە بۆ کێشراوی پێشوەختە، هاوکێشەکان بگۆڕن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی نیسانی 2024، بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر، لە میانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، پارتی هەڵوێستی خۆی لە بەیاننامەکەیدا ڕاگەیاند، هەڵوێستەکەی تەنیا هەڵبژاردن نەبوو، بەڵکو ڕاستکردنەوەی تێکرای پرۆسەی سیاسیی عێراقە. ڕێگریگرتنە لەوەی کە عێراق بەرەو مەرکەزیەت بچێت، جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵە و ڕێزگرتنی دەستوورە لەگەڵ بابەتی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها ڕێزگرتنە لە قەوارەی هەرێمی کوردستان.

بەگوتەی ئەو ئەندامە، "نیگەرانییەکانی پارتی ئەوەیە کە لایەنێکی دەرەکی دەیەوێت بە دیزاینکردنێکی ساختە و نەخشە بۆکێشراوی پێشوەختە، هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی لایەنێک ساغ کاتەوە، تاکو بتوانێت ئەم هێزە بە ئاسانی بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی. لەماوەی ساڵانی ڕابردوو هەندێک لایەن زۆر فشاری سیاسی، ئابووری، ئەمنی و ئاسایشیان خستە سەر هەرێمی کوردستان، پارتی و حکوومەتی هەرێمیش، تاکو پلانەکانیان جێبەجێ بکەن، بەڵام نەیانتوانی."

ئەو ئەندامە گوتیشی: "ئێستە ئەو لایەنانە دەیانەوێت لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە ئەم پلانە جێبەجێ بکەن و کێشەی سیاسی لەبەرژەوەندیی ئەو لایەنە ساغ بکەنەوە. بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی بڕیارەکانی خۆیان بەو لایەنە جێبەجێ بکەن. ئەمە هەڵویستی پارتییە بەگشتی نەک تەنیا لەسەر هەڵبژاردن، بەڵکو لەسەر تێکڕای پڕۆسەی حوکمڕانیی عێراقە، ، کەسانی عاقڵ ئیرادەی پارتی و بارزانی دەزانن  و تێدەگەن شوێن و پێگە و هێزی پارتی چەندە."

بڵند ئیسماعیل دەشڵێت: "ئەگەر پارتی بەشداریی هەڵبژاردن نەکات، کۆی پرۆسەی سیاسی عێراق پەکی دەکەوێت، بۆیە ئێمە پێمان وایە دەبێت نیگەرانییەکانی پارتی بڕەوێنرێتەوە و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لەمساڵدا بکرێت."

ڕۆژی یەکشەممە (3ـی ئاداری 2024) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسومێکدا، وادەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کرد کە ڕۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024) بەڕێوەدەچێت.

لەوبارەیەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، به‌پێى فه‌رمانه‌كه‌ هه‌موو لايه‌نه‌ په‌يوه‌نديداره‌كان پابه‌ند ده‌بن به‌ ئه‌نجامدانى كارى پێويست بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بۆ جێبه‌جێكردنى فەرمانەکە،‌ کە لەڕۆژى ده‌رچوونييه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت.