وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن: ژمارەیەک پرۆژە لە پێنجوێن جێبەجێ دەکرێن

دانا حەمە غەریب، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
دانا حەمە غەریب، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ڕەزامەندیی بۆ جێبەجێ کردنی ژمارەیەک پرۆژەی خزمەتگوزاریی لە سنووری قەزای پێنجوێن دەرچووە و بەشێکیان تا کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەبن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-04-2024، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی قەزای پێنجوێنی کرد و فەرمانگەی چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی پێنجوێنی کردەوە. ئەو لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئەم فەرمانگەیە ڕۆڵێکی گرنگی دەبێت بۆ چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانەکانی سنووری قەزاکە".

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئەوەی خستە ڕوو، "قەزای پێنجوێن یەکێکە لە قەزا گرنگەکانی هەرێمی کـوردستان، هاوسنوورە لەگەڵ ئێران. پێویستی بە خزمەتگوزاریی هەیە. بەداخەوە لە ساڵانی ڕابردوو، بەهۆی نەبوونی بودجە، نەمانتوانیوە وەکو پێویست خزمەتی بکەین".

دانا عەبدولکەریم گوتی، "خۆشبەختانە ئەمساڵ ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری قەزای پێنجوێن دەچنە بواری جێبەجێ کردنەوە؛ ڕەزامەندییان بۆ دەرچووە و پرۆسەی تەندەرییان بۆ کراوە. لە ئاییندەیەکی نزیکدا بەڵێندەر دەست بە کار دەبێت. بەدڵنیاییەوە ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی قەزاکە لە پرۆژەکان سوودمەند دەبن".

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئاماژەی بەوەش کرد ، "پرۆژەیەکی دیکەی ستراتیجیمان هەیە لە مەرزی باشماخەوە بۆ نێو قەزای پێنجوێن. هەوڵدەدەین ئەو پڕۆژەیەش لە زووترین کاتدا دەست پێ بکاتەوە بۆ ئەوەی تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ تەواو ببێت".