ئارام برادۆستی: کێشەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سیاسین

ئارام برادۆستی، پسپۆڕی هەڵبژاردن
ئارام برادۆستی، پسپۆڕی هەڵبژاردن

K24 – هەولێر:

پسپۆڕێکی هەڵبژاردن، دەڵێت: بڕیاری دادگای فیدراڵیی لەبری پەرلەمانی کوردستان نایاساییە، بەهۆی ئەو کێشە تەکنیکی و سیاسییانەی کە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروستکراوە، دابینکردنی دەرفەتی بەشداریکردن لە پڕۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵات لەکەدار کراوە.

ئارام برادۆستی، پسپۆڕی هەڵبژاردن، بە کوردستان24ـی راگەیاند، کێشەکانی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێکیان کێشەی تەکنیکین و بەشێکیشیان کێشەی یاسایی و سیاسین، هەر ئەمانەش هۆکاربوونە کە تا ئێستا کێشە لەبەردەم بەڕێوەچوونی پرۆسەکە دروست بووە.

ئەو پسپۆڕەی هەڵبژاردن، ئاماژەی بەوەدا، بێبەشکردنی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کێشەیەکی سیاسییە، هەروەها لەبارەی کێشە تەکنیکییەکان ناوبراو گوتی: پەنجەمۆری 400 هەزار دەنگدەر ناخوێنێتەوە، کە ئەم دەنگدەرانە لە هەڵبژاردنی 2021 کێشەیان نەبووە.

ئارام برادۆستی، باسی لەوەشکرد، بەهۆی ئەو کێشە تەکنیکی و سیاسییانەی کە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دروستکراوە، دابینکردنی دەرفەتی بەشداریکردن لە پڕۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی وڵات لەکەدار کراوە.

ئەو پسپۆڕەی هەڵبژاردن، گوتیشی: دەبێت لە هەرێمی کوردستان پێداگیری لەسەر ئەوە بکرێتە کە کێشەی پەنجەمرۆی دەنگدەران چارەسەر بکرێت. سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، پێویست بوو کێشەی پێکهاتەکان لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە چارەسەربکرابا، نەك دادگای فیدراڵیی.

ئارام برادۆستی، ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری دادگای فیدراڵیی لەبری پەرلەمانی کوردستان نایاساییە.