پارێزگارى هەولێر سەرجەم بەنداو، پۆند و پڕۆژەکانى کەمبوونەوەی مەترسییەکانی لافاوی بەسەر كرده‌وه‌

K24 - هەولێر:

ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر سەرجەم بەنداو و پۆند و و پڕۆژەکانى کەمبوونەوەی مەترسییەکانی لافاوی بەسەر كرده‌وه‌ و له‌مباره‌یه‌وه‌ پارێزگای هه‌ولێر رایده‌گه‌یه‌نێت، هەموو ئەو پڕۆژانه‌ وایانکرد مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو لە شاری هەولێر کەمبێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌ 21ـی نیسانی 2024)  پارێزگای هه‌ولێر راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌، لە چوارچێوەى گرنگیدانى کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە  کشتوکاڵ و ئاودێری و دروستکردنی بەنداو و پۆند و کەمکردنەوەى مەترسییەکانی دروستبوونى لافاو لە سنووری پارێزگای هەولێر و دابینکردنی ئاسایشی ئاو، خۆراک، بە پاڵپشتی و پشتیوانی ڕاستەوخۆى مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، چەندین پڕۆژەى جیا لە سنوورى پارێزگاى هەولێر جێبەجێکران كه‌ بریتیین له‌:

- پڕؤۆژەى دروستکردنی بەنداوی گۆمەسپان، کە بە گوژمەى (95 ملیار دینار) دەست بە دروستکردنى کراوە لە جۆری (R.C.C) و بەرزیەکەى 70 مەتر و درێژییەکەى 513 مەترە و ڕووبەری دەریاچەی بەنداوەکە (2,253) دۆنم زەوییە و لە توانایدا هەیه‌ بڕى زیاتر لە 80 ملیۆن مەترئاو سێجا کۆگا بکات و داهاتی ساڵانەی (47 ملیۆن و 839 هەزار و 221) مەتر سێجایە لە ئاوی باران و سەرچاوەکانى دیكه‌، ئەوە جگە لەوەى بەنداوەکە هۆکارێکە بۆ زیادکردنی ئاوی ژێرزەوی و ئاودێری و  گەشتیارى، کە لەئێستادا ڕێژەی 62%ی کارەکانی بە کۆتاهاتووە.

- پرۆژەى دروستکردنی بەنداوی بەستۆرە، کە بە گوژمەى (20 ملیار دینار) دەست بە دروستکردنى کراوە.

- پڕۆژەى دروستکردنی بەنداوی چەمرگە ، کە بەگوژمەى (4 ملیار و 300 ملیۆن دینار) دەست بە دروستکردنى کراوە.

- پڕۆژەى درورستکردنی بەنداوی ئاقوبان، کە بەگوژمەى (8 ملیار و 960 ملیۆن دینار) دەست بەجێبجێکردنى کراوە.

- پڕۆژەى درورستکردنی بەنداوی شەوگێر لە قەزای کۆیە، کە بەگوژمەى (5 ملیار و 630 ملیۆن دینار) دەست بەجێبجێکردنى کراوه‌.

- پرۆژەى درورستکردنی پۆندی بنەسڵاوە، کە بەگوژمەى (3 ملیار و 900 ملیۆن دینار) دەست بە جێبەجێکردنى کراوە.

پارێزگای هه‌ولێر ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، جگە له‌و پڕۆژانه‌، دروستکردنى (25) پۆندى دیکە بە گووژمەی (20 ملیار دینار) کە بەتەواو بوونییان نزیکەی 11٫000,000 م3 ئاو کۆگا دەکات، بۆ پاراوکردنی ئاوی ژێر زەوی و ئاودێری و کەمکردنەوەی کاریگەری لافاو لەسەر شاری هەولێر.