سبەی ئەردۆغان سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات و باس لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکات

رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوژینەکەی
رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوژینەکەی

K24 – هەولێر:

سەرۆککۆماری تورکیا بە سەردانێکی فەرمی و سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای حکومی، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیش لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکییەوە، یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆکان دەبێت.

بڕیارە سبەی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بەغدا و دواتریش هەولێر دەکات، کە یەکێک لە ئەجێنداکانی سەردانەکەی پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە لە ڕێگەی بۆری نەوتی کەرکووک – جەیهان، سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی وزەی تورکیا لە 4ی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە بۆری نەوتی عێراق-تورکیا ئامادەیە، بەڵام حکومەتی عێراق هەنگاوی رژدی بۆ دەستپێکردنەوەی ئەو پرۆسەیە نەگرتووەتەبەر، لەکاتێکدا زیاتر لە 14 ملیار دۆلار زیان بە داهاتی عێراق کەوتووە.

بۆری نەوتی عێراق - تورکیا لە (25ـی ئاداری 2023)ـەوە ڕاگیراوە، ئەم بۆرییە لە توانایدایە ڕۆژانە ملیۆنێک و 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات. بەڵام تاوەکو ئێستا بەو قەبارەیە نەوتی لێوە هەناردە نەکراوە و ئەوەی هەناردەکراوە پێش ڕاگیرانی، ڕۆژانە 450 هەزار بەرمیل نەوت بووە.

وەزارەتی وزەی تورکیا چەندین جار ڕایگەیاندووە بۆرییەکە هیچ کێشەکەیەکی نییە و لە 4ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە ئامادەیە، سەرەڕای ئەوەی تورکیا ڕەزامەندی خۆی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت دەربڕیوە و بۆرییەکەش ئامادەیە، بەڵام حکومەتی عێراق ئامادە نییە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەم بۆرییە دەستپێبکاتەوە، لە کاتێکدا دوای زیاتر لە ساڵێک لە هەناردەی نەوت زیانێکی زۆر بەر عێراق، هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت کەوتووە.

دوای نزیکەی 14 مانگ لە ڕاگیرانی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆری نەوتی عێراق - تورکیا، 14 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیان بەر داهاتی عێراق کەوتووە. بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی مەرجەکانی رێککەوتنیش، عێراق ڕۆژانە 800 هەزار دۆلار سزا دەدرێت. زیاتر لە 400 ملیۆن دۆلار وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەپیکور راوەستاوە. بەڕێژەی 60% داهاتی ساڵانەی کۆمپانیا نەوتییەکان کەمبووەتەوە. سەدان کەسیش بێکاربوون، بەهۆی ڕاگیرانی هەناردەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، نرخی نەوتیش لە بازاڕەکانی جیهان بەرزبووەتەوە. سەرەڕای هەموو ئەمانەش، شارەزایانی بوار وزە ئاماژە بەوە دەکەن، ڕاگیرانی هەناردەی نەوت زیان بە ناوبانگی عێراق گەیاندووە و خواستی وەبەرهێنان و بازرگانی لە وڵاتەکە کەمدەکاتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، وابڕیارە سبەی دووشەممە (21ـی نیسانی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە سەردانێکی فەرمی بگاتە بەغدا و دواتریش سەردانی هەولێر دەکات و بڕیاریشە چەندین ڕێککەوتنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات، لە بوارەکانی ئەمنی، ئابووری، بازرگانی و بوارەکانی دیکە واژۆ بکرێت.

ڕۆژی یەکشەممە (21ـی نیسانی 2024) هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە سەردانەکەدا ئامانجمانە پەیوەندییەکانمان ببێتە هۆی سەقامگیریی ناوچەییی و گەشەپێدان، هەروەها گوتی: لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆدەبینەوە و دووپاتی پاڵپشتییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دەکەینەوە.

لەلایەن خۆشیەوە، عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانی تورکیا ڕایگەیاند، سێ رێککەوتننامە لە بواری بازرگانی لەگەڵ عێراق واژۆ دەکەن کە ئەوانیش بریتین لە ڕاگەیاندنی کۆمیتەی هاوبەشی ئابووری و بازرگانی تورکیا – عێراق، ڕاگەیاندنی پرۆتۆکۆڵی میکانیزمی راویژکاری و هەماهەنگیی لە بوارەکانی ئاسایشی کاڵا و هەڵگرتنی بەربەستەکانی بەردەم بازرگانی و واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان دامەزراوەی پەیوەندییە ئابوورییە دەرەکییەکان و ژوورەکانی بازرگانی عێراق.

پێشتریش لە ڕۆژی (19ـی نیسانی 2024) دوای تەواوبوونی لە نوێژی هەینی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگەیاند، دوای سەردانەکەی 22ـی ئەم مانگەی بۆ بەغدا، سەردانی هەولێر دەکات و باسی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێت.