عێراق هەڵمەتی دەستگیرکردنی هێرشکارانی سەر هێزەکانی هاوپەیمانانی دەست پێکرد

K24 - هەولێر

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراق هەڵمەتی ڕاوەدونان و دەستگیرکردنی ئەندامانی ئەو گرووپانەی ڕاگەیاند کە لە خاکی عێراقەوە هێرشی مووشەکییان کردووەتە سەر بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سووریا.

شانەکە بڵاوی کردووەتەوە، یەکەیەکی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە فەرماندەیی ئۆپراسیۆنەکانی ڕۆژاوای نەینەوا، هەڵمەتێکی فراوانی گەڕان و پشکنینی بۆ دەستگیرکردنی کەسانی لە یاسای دەرچوو دەستپێکردووە، کە کاتژمێر 9:50 خوولەکی شەوی یەکشەممە، بە مووشەک هێرشییان کردووەتە سەر بنکەیەکی سەربازیی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە نێو خاکی سووریادا.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە سەر ئەو ئۆتۆمبێلەدا گرتووە کە مووشەکەکانی لە سەر هەڵدراوە بەڵام پێشتر سووتێندراوە. شانەی ئەمنی جەختی کردووەتەوە هەڵمەتەکە بۆ دەستگیرکردنی هێرشکەرەکان بەردەوامە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە.

لە دوای سەردانەکەی محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریکا، ئەمە یەکەم هەڵوێست و ڕاگەیەندراوی شانەی ئەمنیی عێراقە لە سەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بڵاو دەکرێتەوە، لە کاتێکدا لە دوای هێرشی زەمینی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، گرووپە میلیشیاکانی  کە خۆیان بە بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ناساندوە، نزیکەی 200 هێرشی مووشەکیی و درۆنی بۆمبڕێژکراویان کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و سووریا، بەڵام حکوومەتی فیدراڵ و هێزەکانی عێراق هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووە.