دانیال هاگاری: ئێمە دەجەنگین تا ئەوکاتەی سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکەین

دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل
دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل

K24 – هەولێر

گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، زیاتر لە 130 بارمتە لە بندەستی حەماسدا ماون هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئازادکردنیان.

دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، تا ئێستا 133 بارمتەی ئیسرائیلی لە بندەستی حەماسدا ماون و هەموو کارێک بۆ ئازادکردنیان دەکەن.

ڕاشیگەیاند، سوپاسالاری ئیسرائیل هەنگاوی داهاتووی سوپاکەیانی لە باشووری غەززە پەسەند کردووە و بەمزوانە هەنگاوەکە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

بە قسەی ئەو گوتەبێژە، "200 ڕۆژ بەسەر رفاندنی ئازاربەخشی بارمتەکانمان لەلایەن حەماسەوە تێدەپەڕێت، هێشتا ئەرکی ئەخلاقیمان لەسەر ماوە بۆ گەڕاندنەوەی 133 کەس لەو بارمتانە. ئێمە دەجەنگین تا ئەوکاتەی سەرجەم بارمتەکان ئازاد دەکەین."

ڕاشیگەیاند، سوپاسالاری ئیسرائیل سەردانی ناوچەکانی باشووری بەرەی جەنگی کرد و ڕەزامەندیی لەسەر هەنگاوی داهاتووی وڵاتەکەمان لەو ناوچەیە دا.

ڕۆژی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارەکانی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی بەرفراوانیان کردە سەر ئیسرائیل، لە هێرشەکەدا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران و سەدانی دیکەش بریندار بوون، هاوکات  240 هاووڵاتیی ئیسرائیل وەکو بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كران.