ڕاپۆرتێک: بەهۆی پیسبوونی کەشوهەوا ساڵانە نزیکەی 30 هەزارکەس لەعێراق تووشی شێرپەنجە دەبن
K24 - هەولێر
تادێت ژینگە و کەشوهەوای عێراق پیستر دەبێت و هۆشداریی لە دەرئەنجامە مەترسیدارەکانی دەدرێت، بەگوێرەی نوێترین ڕاپۆرتی دەزگای ئای کیو ئێیەری سویسری، عێراق دووەم پیسترین کەشوهەوای هەیە لە جیهاندا، ڕێژەیەکی زۆری ئەو هەوایەی عێراقییەکان ڕۆژانە هەڵیدەمژن ژەهراوییە.
شارەزایان و پسپۆڕانی ژینگە، هۆی سەرەکیی پیسبوونی کەشوهەوای عێراق بۆ نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست، دەردانی بڕێکی زۆر لە گاز و دووکەڵی مەترسیداری پاڵاوگەکان، زۆریی ژمارەی ئۆتۆمبێل، پابەندنەبوونی کارگەکان و بوونیان لە سنووری شارەکاندا و کۆچی گوندنشینان بەرەو سنووری شارەکان دەگەڕێننەوە.
پیسبوونی کەشوهەوا بووەتە هەڕەشەیەکی گەورە بۆسەر عێراق و عێراقییەکان.
دەزگای ئای کیو ئێیەری سویسری، لە ڕاپۆرتێکیدا بڵاویکردەوە، عێراق دووەم پیسترین کەشوهەوای هەیە لە جیهاندا، کە هەریەکە لە شارەکانی، بەغدا، بەسرە و نەینەوا قوربانیی یەکەمی ئەو پیسبوونەن، بوونی ڕێژەیەکی زۆر لە تەن و گەردیلەی زیانبەخش لەو هەوایەی ڕۆژانە عێراقییەکان هەڵی دەمژن مایەی سەرسووڕمانە، بەجۆرێک لەهەر مەتر چوارگۆشەیەکی عێراقدا، 80 مایکرۆگرام گەردیلەی زیانبەخش هەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد، پیسبوون و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا زیانێکی زۆری بە کەرتی کشتوکاڵی عێراق گەیاندووە، بەجۆرێک لەکۆی 54 ملیۆن دۆنم زەوی کشتوکاڵی، نزیکەی 27 ملیۆن دۆنمییان بێ پیت بوون و بەکەڵکی کشتوکاڵی نەماون، هەر ئەو گۆڕانکاری و پیسبوونەی کەشوهەوا بووەتە هۆکاری ئەوەی ساڵانە نزیکەی 30 هەزارکەس لەعێراق تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بن.