بلینکن و گانتز گفتوگۆیان لەسەر ئاگربەستی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان کرد

K24- هەولێر

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئەنتۆنی بلینکن، لەگەڵ وەزیری حکوومەتی جەنگیی ئیسرائیل، بێنی گانتز، سەبارەت بە پێویستی ئاگربەستی دەستبەجێ لە غەززە کە گەرەنتی ئازادکردنی بارمتەکان دەکات گفتوگۆیان کرد.

لە بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە، ئەنتۆنی بلینکن گفتوگۆی لەگەڵ بێنی گانتز کردووە، لەسەر پێویستی گرتنەبەری هەنگاوی زیاتر بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان بۆ خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززە.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئەو دوو بەرپرسە باسیان لەو ڕێوشوێنانە کردووە، کە ئامانجیان زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکانە بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی فەڵەستینی لە غەززە، هەروەها بلینکن جەختی لە پابەندبوونی ئەمەریکا بە ئاسایشی ئیسرائیل کردووەتەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، هەردوولا باسیان لەو هەوڵانەش کردووە بۆ ئەوەی ململانێکان لە ناوچەکەدا فراوانتر نەبن.

لەم چوارچێوەیەدا ماڵپەڕی ئاکسیۆس، بە پشتبەستن بە نووسینگەی گانتز ڕایگەیاند، وەزیرەکەی حکوومەتی جەنگیی ئیسرائیل داوای لە بلینکن کردووە، کە بە بڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر یەکەی " نێتزیا یەهودا"ـی سوپای ئیسرائیلدا بچێتەوە.

بڕیارە ئیدارەی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا سزا بەسەر یەکەی "نێتزیا یەهودا" بسەپێنێت بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە کەناری ڕۆژئاوای غەززە.

ئاکسیۆس لە زاری سەرچاوە ئەمەریکییەکانەوە بڵاوی کردەوە، پێشبینی دەکرێت، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سزا بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێنێت کە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی هاوکارییە سەربازییەکان یان مەشق و ڕاهێنانی ئەمەریکی.