نەزاکەت حوسێن: کار دەکەین بۆ بەهێزکردنی کاری ڕۆژنامەنووسانی مێینە

K24 - هەولێر

نەزاکەت حوسێن ڕایگەیاند، ئێمە لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، کار دەکەین بۆ بەهێزکردنی کاری ڕۆژنامەنووسانی مێینە و زیندوو ڕاگرتنی ئەو سێکتەرە میدیاییە بە بوونی ئافرەتان.

د. نەزاکەت حوسێن، سکرتێری لیژنەی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان لە گوتارێکیدا، لە دیداری نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کاری ڕۆژنامەنووسی گوتی: "ئێمە لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لیجنەیەکی جێندەرییمان هەیە، کە کار دەکەین بۆ بەهێزکردنی کاری ڕۆژنامەنووسانی مێینە و زیندوو ڕاگرتنی ئەو سێکتەرە میدیاییە بە بوونی ئافرەتان".

ئاماژەی بەوەش کرد، سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەندامی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسانە، کە تاکە فیدراسیۆنە لەسەر ئاستی جیهان دانی پێدا نراوە، هەروەها 150 سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بەشدارن لەو فیدراسیۆنە، و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیش ئەندامە لەو نەقابەیە.

نەزاکەت حوسێن گوتیشی: فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنووسان، چەند لیجنەیەکی هەیە، کە لیجنە هەرە چالاکەکان کە بایەخی پێ ئەدەن لیجنەی جێندەرییە، فیدراسیۆنەکە 22 کورسیی بۆ هەموو جیهان داناوە، کە دووانیان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، لەو دوو کورسییەش یەکێکیان دراوە بە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، وە کورسیەکی تریش دراوە بە "ئەمەل" کە لە فەڵەستینە. واتە ئەو دوو کورسی نوێنەرایەتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی دەکەن، لە پرسی جێندەریدا.