وەزیری پەروەردە بەردی بناغەی دروستکردنی قوتابخانەیەکی لە دەڤەری ڕاپەڕین دانا

K24 - هەولێر

بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناغەی دروستکردنی قوتابخانەیەکی نوێی لە دەڤەری ڕاپەڕین دانرا.

ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی نیسانی 2024، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بە پاڵپشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بەردی بناغەی قوتابخانەیەک لە دەڤەری ڕاپەڕین دادەنێن.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەشکرد، "ڤیژن ئیجوکەیش هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، لە ساڵی 2018ـەوە، پاڵپشتێکی سەرەکی و هاوبەشێکی سەرەکیی وەزارەتی پەروەردە بووە، لە هەموو سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، ساڵی ڕابردوو بە بەهای زیاتر لە ملیارێک و 500 ملیۆن دینار، قوتابخانە لە پاریزگای هەڵەبجە نۆژەن کراوەتەوە."

هەروەها ئالان حەمە سەعید گووتیشی: "بۆ ئەمساڵی خوێندن، ئەو دامەزراوەیە 512 قوتابخانەی لە ئیدارەی سۆران، بەتەواوی پێداویستییە سەرەکییەکان دابین کردووە و نۆژەن کردووەتەوە. تا ئێستاش زیاتر لە 26 قوتابخانە لە سلێمانی بە شێوەیەکی گشتی نۆژەن کردووەتەوە، لە دهۆک، هەولێر، مێرگەسوور، قەلادزی و هەموو دەڤەرە جیاوازەکان پاڵپشتی و هاوکاری وەزارەتی پەروەردە بوون".

ئالان حەمە سەعید ڕاشیگەیاند، "ئەم پاڵپشتییانەی وەزارەتی پەروەرەدە کە دەکرێت بایەخێکی گرنگی هەیە، هەموو ئەمانە وەبەرهێنانێکە بە بەردەوامی بەناوی وەزارەتی پەروەردەوە دەکرێت، سوپاسی پاڵپشتی ڤیژن ئیجوکەیشن دەکەم بۆ پاڵپشتیی کەرتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان."