ئەمەریکا لێکۆڵینەوە لە سەر سزادانی دوو یەکەی دیکەی ئەمنیی ئیسرائیل دەکات

سوپای ئیسرائیل
سوپای ئیسرائیل

K24 - هەولێر

ئەمەریکا لێکۆڵینەوە دەکات بۆ سەپاندنی سزا بە سەر دوو یەکەی دیکەی هێزەکانی ئیسرائیل لەبەر تاوانکاریی لە کەرتی غەززە و پێشێلکردنی مافی فەڵەستینییەکان.

ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیل، لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمەریکی بڵاوی کردووەتەوە، ئیدارەی ئەمەریکا لێکۆڵینەوە دەکات بۆ سەپاندنی سزا بەسەر دوو یەکەی دیکەی سەربازیی و پۆلیسی ئیسرائیل کە تۆمەتبارن بەوەی بەردەوامن لە پێشێلکردنی مافی فەڵەستینییەکان و پرۆسەی لێکۆڵینەوەش لە یەکە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەکەن کە هاوشێوەی یەکەی "نیتزەح یەهود" بەهۆی بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لەلایەن سەبازانی ئیسرائیل بڵاوکراوەتەوە، لە کەرتی غەززە بە چ شێوەیەکی توندوتیژ و دوور لە بەها مرۆییەکان هەڵسوکەوت لەگەڵ خەڵکی غەززەدا دەکەن.

ئەگەر تۆمەتەکانی ئەو دوو یەکە چەکدارییەی هێزەکانی ئیسرائیل یەکلا بێتەوە، ئەوا بە هەمان شێوە ئەمەریکا لە پێدان و مەشق و هاوکارییە سەربازییەکانی بێبەشیان دەکات و دەبێت ئیسرائیل لە سەر ئەرکی خۆی چەک و پێداویستییە سەربازییەکانیان بۆ دابین بکات.

لەلایەن خۆیەوە بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیری ئیسرائیل نامەیەکی بۆ حکوومەتی ئەمەریکا ناردووە و داوا دەکات هیچ سزایەک بە سەر هیچ یەکەیەکی سەربازیی سوپای ئیسرائیلدا نەسەپێنێت، نامەکەی ناتانیاهۆ دوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی پێگەی ئاکسیۆسی ئەمریکی دێت کە ئاشکرای کردووە، یەکەیەکی " نیتزەح یەهود"ی  سوپای ئیسرائیل لە غەززە پێشێلیی مافەکانی مرۆڤی کردووە کە بە یەکەیەکی توندڕەوی سوپای دادەنرێت بەرانبەر بە مافی فەڵەستینییەکان.