حەسەن ئۆکتای: لە سەردانەکەی ئەردۆغان دەبێت زیاتر لە 20 دۆسییە ئیمزا بکرێن

حەسەن ئۆکتای، سەرۆکی ناوەندی کافکەسەم بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لە ئەنقەرە
حەسەن ئۆکتای، سەرۆکی ناوەندی کافکەسەم بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لە ئەنقەرە

K24 - هەولێر

سەرۆکی ناوەندی کافکەسەم، بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، سەردانەکەی ئەردۆغان ئەوە دەگەیەنێت پەیوەندییەکانی ئێستەی تورکیا و عێراق لە ئاستیێکی باشدایە و گرنگە، و ئەو سەردانە بۆ ئیمزاکردنی زیاتر لە 20 دۆسییەیە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی نیسانی 2024، حەسەن ئۆکتای، سەرۆکی ناوەندی کافکاسەم، بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی لە ئەنقەرە، لە میانی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، دوای 13 ساڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی عێراق دەکات وەک سەرۆککۆمار، لە ڕابردووشدا وەک سەرۆکوەزیرانی تورکیا سەردانی عێراق و هەولێری کردبوو.

بەگوتەی ئەو سەرۆکە، "عێراق و تورکیا دراوسێن، بەتایبەتی دوای ڕووداوەکانی سووریا، پەیوەندییەکانی عیراق و تورکیا بایەخێکی دیکەی بەخۆیەوە بینیوە. لەچەند ڕۆژی پێش سەردانەکەی سەرۆککۆمار، وەزیری بەرگری، وەزیری دەرەوە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری هەموو ئەوانە سەردانی عێراقیان کرد بوو، تایبەتمەندی ئەم سەردانانە ئەوە بوو سەرەتا دەچوونە بەغدا دواتر سەردانی هەولێرییان دەکرد، ئەم سەردانانە بەردەوامبوون و ئێستەش بەهەمان شێوە سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی بەغدا دەکات و دواتر سەردانی هەولێر."

ئەو گوتیشی: "ئەم سەردانەی ئەردۆغان پێمان دەڵێت کەوا پەیوەندییەکانی ئێستەی تورکیا و عێراق لە ئاستیێکی باش دایە و گرنگە.  دەگوترێ زیاتر لە 20 دۆسییە هەن بۆ ئەوەی ئیمزایان لەسەر بکرێت، هەروەها لەبارەی بنەما سەرەتاییەکانەوە تایبەت بە ئۆپەراسیۆنەکان بەهاوبەشی لەگەڵ بەغدا و هەولێر دەکرێت، بۆیە کاتێک سەیری دەکەین دەبینین ئەم سەردانێکی گرنگە."

حەسەن ئۆکتای ڕاشیگەیاند، "پەیوەندی دراوسێ وەرگرتن یاخود پێدان نییە، ئەو پەیوەندییە پێویستی بە قەبارەی بازرگانی دوولایەنە هەیە  بۆ ئەوەی زیاد بکرێت، هەروەها ئاماژە بەسەقامگیریش بدرێت، وەک دەزانرێت لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو گرژییەکان زیاتر بوون بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەراستەوە، جگە لە هەموو ئەوانەش تەقینەوەیەکی گەورە لە بارەگای حەشەدی شەعبی ڕوویدا، پێش ئەو ڕووداوە ئیسرائیل هێرشی کردبووە سەر ئێران لە سووریا و ئێرانیش هێرشی کردبووە سەر ئیسرائیل، جگە لە هەموو ئەو ڕووداوانە عێراق لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری کەوتبووە کێشەوە و پەیوەندییەکانی زۆر باش نەبوو، هۆکەش ئەوە بوو عێراق ڕووبەڕووی کاریگەری ئەم شەڕەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتەوە، هەر بۆیە ئێستە تورکیا پێویستی بە عێراقە و عێراقیش بەهەمان شێوە پێویستی بە تورکیایە."

کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 22-04-2024، فڕۆکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا نیشتەوە.

وا بڕیارە سەرۆککۆماری تورکیا بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆ ببێتەوە. هاوکات چەند رێککەوتنێکی ئەمنی و ئابووری لە نێوان شاندی هەردوو وڵات ئیمزا دەکرێن.

دواتر سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە و چاوەڕێ دەکرێت سەردانی مەزار و مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی و گۆڕستانێکی عوسمانییەکانیش لە بەغدا بکات.

دوای کۆتاییهێنانی سەردانەکەی بۆ بەغدا؛  ئێوارەکەی ئەمڕۆ، سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە ئاستێكی باڵادا پێشوازی لێ دەکرێت. چاوەڕێ دەکرێت ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.

پێشتریش باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لەبارەی سەردانەکەی ئەردۆغان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامادەکاریی پێشوەختە بۆ ئەم سەردانە کراوە و بڕیارە زیاتر لە 20 ڕێککەوتن و یادداشتی لێکگەیشتن ئیمزا بکرێن.