هەوڵی دۆزینەوەی کەشتییەک دەدرێت کە سەدان ساڵە نقوم بووە و بەهای ملیاران پاوەند زێڕی تێدایە

K24 - هەولێر

گەڕانێکی زۆر بۆ دۆزینەوەی کەشتیی "زە مێرچانت ڕۆیال" لە کەناراوەکانی شاری کۆرنواڵ لە بەریتانیا کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەدۆزراوەتەوە، ئەو کەشتییە نقوومبووە،  بەهای زیاتر لە چوار ملیار پاوەند، زێڕ و کانزای بەنرخی هەڵگرتبوو.

هەرکەسێک کەشتییە نوقمبووەکە بدۆزێتەوە، دەستی بە گەنجینەیەک دەگات کە بەهاکەی زیاترە لەوەی کە لۆنگ جۆن سیلڤەر، لە ڕۆمانی "دوورگەی گەنجینەکان" باسی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کەس نەیتوانیوە شوێنی کەشتیەکە بدۆزێتەوە.

هەوڵەکانی پێشووتر بۆ دۆزینەوەی کەشتییەکە کە 400 ساڵ لەمەوبەر نوقم بووە، هیچ ئەنجامێکی نەبووە، بەڵام ئێستا کۆمپانیایەکی بەریتانی لەو باوەڕەدایە بتوانێت بیدۆزێتەوە.

نایجل هۆدج، پێشتر ڕاوچییەکی  بازرگان و غەواس بووە، سەرکردایەتی تیمێکی 11 کەسی دەکات، لە کۆمپانیای " ماڵتیبیم سێرڤیسیز" کە کۆمپانیایەکی تایبەتە بە دۆزینەوەی کەشتییە ونبووەکان و مانگی داهاتوو دەست بە گەڕان دەکات، هەروەها پلانی هەیە تەواوی ساڵی 2024 بە بەدوای ئەو کەشتییەدا بگەڕێ، کە ڕووبەری دەریاکە 200 میل چوارگۆشەی کەناڵی ئینگلیز دەگرێتەوە.

بەڵام نایجل بە ماڵپەڕی میترۆی لەندەنی ڕاگەیاندووە، ئەوە گەڕانێک نییە بۆ زێڕ، سەرەڕای ئەوەی بە ملیارەها پاوەند دەخەملێنرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، یاساکان سەبارەت بە خاوەندارێتیی هەر گەنجینەیەک کە بدۆزرێتەوە و ببیتە خاوەنی، ئەوە نەماوە و بووە بەڕابردوو، هەروەها دەڵێت: دۆزینەوەی کەلوپەلی بەنرخ ڕەنگە ببێتە شوێنەوارە کەلەپوورییەکان.

تەکنەلۆجیای نوێ، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە هەڵهێنانی مەتەڵەکە، کۆمپانیاکە  ژێراویی بچووکی هەیە، کە بەهای هەریەکەیان 3.5 ملیۆن پاوەندە، هەروەها دەتوانێت بچیتە قووڵایی شەش هەزار مەتر.