لە 2023 زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەدایک بوون

منداڵ
منداڵ

K24 - هەولێر

وەزیری تەندروستیی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە ساڵی 2023، زیاتر لە یەک ملیۆن و 47 هەزار منداڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەدایک بوون کە زۆرینەیان لە پارێزگای بەغدان.

ئەمڕۆ دووشەممە، 22-04-2024، ساڵح مەهدی حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دامەزراوە تەندروستییەکان لە ساڵی 2023، یەک ملیۆن و 47 هەزار و 250 لەدایکبوونیان لە سەرتاسەری عێراق، لەنێویشیدا هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە.

بە گوتەی وەزیری تەندروستیی عێراق، لە کۆی ئەو حاڵەتانەی لە دایکبوون کە لە ساڵی 2023 تۆمارکراون، 535 هەزار و 946ـیان  کوڕ و 511 هەزار و 304ـیان کچ بوون.

وەکو ئەوەی حەسناوی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی پێ کرد، زۆرترین ڕێژەی لە دایکبوون لە پارێزگای بەغدا بووە بەو پێیەی 202 هەزار و 550 حاڵەتی لەدایکبوون تۆمار کراون.

ئەمە لە کاتێکدایە لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی هەژاری لە عێراق، ژمارەی ئەو منداڵانەی لەو وڵاتەدا کار دەکەن گەیشتووەتە ئاستێکی بەرز.

بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵ کە دەبێ لە قوتابخانە بن، کار دەکەن، هەروەها منداڵی لە ٪30 خانەوادە عێراقییەکان لە چەندین بواری جیاوازدا وەک کاری ناو ماڵ و بواری بیناسازی کرێکارن و  بە کرێی ڕۆژانە کار دەکەن.

هەروەها بەشێک لە منداڵان لە چالاکی نایاسایی وەک دزی و سواڵکردن و کۆکردنەوەی زبڵ و خاشک و فرۆشتنی ماددە هۆشبەرەکان تێوەگلاون، هەروەها کچەکانیش لەلایەن باندەکانەوە لە یانە شەوانەکاندا  لەشفرۆشی و بازرگانییان پێوە دەکرێت.