خێرایی ڕێگەپێدراوی بەشێک لە ڕێگەی دهۆک-هەولێر زیاد دەکرێت
K24 - هەولێر
بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگای دهۆک ڕایدەگەیەنێت، لە مەودای نێوان ناحیەی ڕۆڤیا تا بازگەی "چەمە" خێرایی ڕێگەپێدراوی لێخۆڕینی ئۆتۆمبێل دەکرێتە 110 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 22-04-2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی پارێزگای دهۆک لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، خێرایی ڕێگەپێدراوی لێخۆڕینی ئۆتۆمبێل لە ڕێگەی نێوان دهۆک – هەولێر؛ نێوان ناحیەی ڕۆڤیا تا بازگەی "چەمە"، لە 100 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەکرێتە 110 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە بڕیارەکە لە سبەی سێشەممەوە، 23-04-2024 دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. لەبارەی خێرایی ڕێگەپێدراو بۆ ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریش، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی دهۆک دەڵێت، خێرای ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر وەکو خۆی دەمێنێتەوە، واتا 80 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
رۆژی 04-03-2024، کامێراکانی تۆمارکردنی سەرپێچی خێرایی خاڵ بۆ خاڵ لە ڕێگەی هەولێر- دهۆک لە بەرامبەر گوندی (گەزنە) تاوەکوو بازگەی چەمە کەوتنە کار.