عه‌بدولڕه‌حمان كورت بۆ كوردستان24: 26 رێككه‌وتننامه‌ له‌ نێوان عێراق و توركیا واژۆ ده‌كرێت

K24 - هەولێر:

عه‌بدولڕه‌حمان كورت ئه‌ندامی شاندی توركیا و راوێژكاری باڵای ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، تاكو ئێستا چوار رێككه‌وتننامه‌ له‌ نێوان عێراق و توركیا واژۆ كراوه‌.

هه‌روه‌ها عه‌بدولڕه‌حمان كورت گوتیشی: "كۆی گشتی رێككه‌وتننامه‌كه‌ 26 دانه‌یه‌".

ئاشكراشی ده‌كات، كه‌ قه‌باره‌ی ئابووری نێوان توركیا و عێراق 17 ملیار دۆلاره‌.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌ ئێستادا كۆبوونه‌وه‌كه‌ی شاندی توركیا و لایه‌نی عێراقی به‌رده‌وامه‌.

دووپاتیشیكرده‌وه‌: "ئێمه‌ هه‌زاران ساڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ده‌ژین".

تایبه‌ت به‌ سه‌ردانه‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بۆ هه‌ولێر و به‌غدا ئێجگار گرنگه‌.

کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 22-04-2024، فڕۆکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا نیشتەوە.

پێشتریش باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لەبارەی سەردانەکەی ئەردۆغان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامادەکاریی پێشوەختە بۆ ئەم سەردانە کراوە و بڕیارە زیاتر لە 20 ڕێککەوتن و یادداشتی لێکتێگەیشتن ئیمزا بکرێن.

عەوادی سەردانەکە و ڕێککەوتننەکانی بە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا ناوبردووە و گوتیشی: سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا سوپڕایزی زۆر گەورەی تێدایە و لە کۆنفڕانسێکی هاوبەشی رۆژنامەوانییدا ئەردۆغان و سوودانی، وردەکاریی سوپڕایزەکە ئاشکرا دەکەن.